حەقیقەتی دانیشتنەکانمان، ئایا جاسۆسی ئەڵمانیاو ئەمریکاین؟!
  2021-05-07       1342       
حەقیقەتی دانیشتنەکانمان، ئایا جاسۆسی ئەڵمانیاو ئەمریکاین؟!

رونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی

ئەمە دەڵێم حەقیقەتی ئەو وێنە و کۆبوونەوەکانمانە لەگەڵ کۆنسۆڵگەری ئەڵماناو ئەمریکا کە دادگای پێداچۆنەوەی ھەولێر لەژێر ھەژمۆنی پارتی بە تاوان حسابی کردون.

سەرەتا دادگا و ھێزە ئەمنیەکان لەژێر فشاری پارتی و خۆدی سەرۆکی حکومەت وتیان ئەم زیندانیانە تێکدەرن، دواتر کار بۆ پەکەکە دەکەن، دواتر بە کۆنسۆلخانەی وڵاتانیان وت، کار بۆ ئێران دەکەن، لە کۆتا بریارە کۆمێدی و تراژیدییە سیاسیەی دادگای تەمییزدا دەڵێن جاسۆسی بۆ ئەڵمانیا و ئەمریکا دەکەن!.

کاتی خۆی لە ساڵی ٢٠١٦ من و شێروان شێروانی و سێ رۆژنامەنوسی دیکە لەگەڵ بەرێز مارک ھایکھۆرن کۆنسۆلگەری گشتی کۆماری یٔەڵمانیا لە ھوتێل ریکسۆس لە دھۆک دانیشتوین و باسی دۆخی راگەیاندو مافی مرۆڤمان کرد لە بادینان، دواتر سەرەدانی خێزانی رۆژنامەنۆسی تیرۆرکراو وەدات دھۆکیمان کرد کە کەنالەکانیش ئامادەبوون و پرێس کۆنفرانسیشمان ھەبوو.

بۆ مێژوو دەڵێم لەو دیدارەدا کاک شێروان شێروانی زۆر داکۆکی لە مافی مرۆڤ و دۆخی ئازادی کرد و ھیچ شتێکی نایاسایی نەوتوە، لە بەرامبەریشدا کۆنسۆلگەری ئەڵمانیا تەداخولی کاروباری ناوخۆی ھەرێمیان نەکردوە و داوای ھیچ شتێکی نەیاسایی نەکردبوو.

ھەروەھا لەسەر دەستگیرکردن و ڕفاندی دەیان چالاکوانی بادینان لەکاتی خۆپیشاندانی دھۆک لە ٢٩/١/٢٠١٩، بۆ پشتگیری لە خەلکی شێلادزێ کە خەلکی ناوچەکە بە بۆردومانی تورکیا شەھیدبوون، لەبەرمبەردا خەلکی ناوچەکە بنکەو بارەگای تورکیایان سوتاند دوای ئەم رەشبگیریە لە مانگی ٢ی ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ کەسوکاری زیندانیان (ئاری بەدەل بەرواری، محمەد سێمێلی) و رۆژنامەنووسان (بلبل شێخ، گوھدار زێباری کە ئێستا شەش ساڵ زیندانیکراوە)، دیدارێکمان رێکخست لەگەل کۆنسۆڵخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ھەولێر و لەوێ کۆبووینەوە و باسی دۆخی زیندانیان و مافی مرۆڤمان کرد. بەڵام قەت کۆنسۆڵخانەی ئەمریکا شتێکی نەیاساییان نەکردوە و بەپێ عورف و کاری دیبلۆماسی گوێیان لێگرتین و پاڵپشتی پرۆسەی دیموکراسی و مافی مرۆڤیان کرد.

لەسەر ئەم دیدارەمان دادگای تاوانی ٢ی ھەولێر لە رۆژی ١٥و١٦ی ٢ی ٢٠٢١ لێپێچینەوەیان لەگەڵ زیندانیانی بادینان کردوە، ناویشم وەک تومەتبار ھێناوە کە بەپێ قسەی پارێزەران و راپۆرتی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی بە دەق دادوەر وتویەتی: "ئەیھان سەعید تۆمەتباری ھەڵھاتو بە تومەتی سیخوریکردن بۆ کۆنسڵخانەی ئەمریکا". دواتریش تومەتی سیخۆری بۆ ئەڵمانیا خراوەتە پاڵ من و ھاورێکانم کە ئێستا (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوھدار زێباری، ھاریوان عیسا، ئەیاس کەرەم) شەش ساڵ حوکمدراون، ٩ مانگە من لە سلێمانی دەمێنم!.

لە رێککەوتی ٧/٢/٢٠٢١ لەگەڵ ئۆفیسی یونامی دیدارێکمان رێکجست بۆ کەسوکاری زیندانیان، بەداخەوە لەبەردەم بارەگای یونامی لە ھەولێر گشتیان کە ژمارەیان ٣٧ کەسبون و ژن، مناڵی حەوت ساڵ و پیاوی بە تەمەنیان تێدابووە رفێنران و دوای تەحقیق لە لایەن سێ لیژنەی پۆلیس، ئاسایش و پاراستن ڤیدیۆکران و ناوم وەک رێکخەری دیدارەکە بە تۆمەتبار نۆسرا، لە کاتێکدا لە ھەموو جیھان دانیشتن لەگەل نەتەوە یەکگرتوەکان کارێکی ئاسایی و یاسایی یە.

بێگومان لەسەر دۆخی زیندانیان و مافی مرۆڤ چەندین دیدارمان لەگەڵ بەڕیز کلێمێنس سێمتنەر کونسوڵگەریی ئێستای گشتیی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ ئەڵمانیا لە هەولێر کۆنسۆڵخانەی ئەمریکا و ولاتانی دیکە و UN و دەیان رێکخراوی جیھانی مافی مرۆڤمان کردوە، بەڵام ھیچیان نایاسیی نین و بە ئاشکرا ئەنجامانداون.. بەردەوامیش دەبین.

ئەوەی جێی سەرەنجە، ھەر خۆمان وێنەی دیدارەکانمان بلاوکردبوو، کەچی دوای پێنج ساڵ دادگا وەکو بەلگەیەکی نھێنی بەکارھێناوە، کە ئەمە چەواشەکاری و عەیبەیەکی دیبلۆماسی یە دانیشتن لەگەڵ ئەمریکا و ئەڵمانیا کە دوو دۆست و ھاوکاری کوردن بە تومەت  ھەژماربکرێت (بەجدی پارتی لەو خەیالەدایە ئەمریکا و ئەڵمانیا سزا بدات ؟!)، لە ھەمان کاتدا ئەمە تومەتیشە بۆ ئەو دوو وڵاتە کە بە چەکی میلانۆی ئەڵمانی و فرۆکەی ئەمریکی سەقامگیری و ئاسایشی ئەم ولاتەمان لە دەست رێکخراوی تیرۆریستی داعش پارێزراو بوو!!

روژنامەنۆس و چالاکوانەکانە زیندانیکراوەکانی بادینان بێ تاوان و پاکن و دەبێت ئازادبکرێن، بابەتەکە تەنیا بۆ ترساندون و بێدەنگکردنی خەلکی بادینانە کە نارازین و پارتیش ئەمەی پێ قبول ناکرێ چۆنکە ئەو دەڤەرە بە مەنبەع نفوزی خۆی دەزانێت، ئەم دۆخەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان خۆلقاندویەتی سومعەی ھەرێمەکەمان ناشیرین دەکات و ئەرکی ھەموو لایەنێکە رێگربێت لەم سەرکوتکاریە و بەکارھێنانی دادگا بڕوای خەلک بە یاسا لاواز دەکات و ئەمەش لۆتکەی شکستی حوکمڕانییە.

ئەیھان سەعید
٧/٥/٢٠٢١
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×