لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لە هۆكاری نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم دەكات
  2021-05-08       767       

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە، بە ناردنی لیژنەیەکی هونەری بۆ بەغدا چارەسەر دەبێت.

ئاوێنە: ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، بە روداوی راگەیاند"جێبەجێنەکردنەکەی [رێککەوتنی هەولێر و بەغدا] پەیوەندیی بە پەرلەمانەوە نییە، چونکە بابەتێکی هونەرییە و دەبو لیژنەیەکی هاوئاهەنگی دروست بکەن. پرسەکە کەمیی نەوت و نەناردنی نییە، بەڵکو بابەتەکە ژمێرەییە. دەبێت هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیە دیاری بکات کە دەبێت رادەستی بەغدای بکات. ئیدی دوای ئەوەیش بەغدا پابەند دەبێت کە بەشە بودجەکەی بنێرێت."

 ئەحمەد سەفار وتیشی: "پرسەکە چارەسەر بوە و بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراق گەلێک رونە، بەڵام نازانم بۆچی ئەم خەمساردییە هەیە! ئەوە 40 رۆژ بەسەر پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەدا تێپەڕیوە کە دەبو هەر لە رۆژی دوای پەسندکردنیەوە جێبەجێ بکرێت، کەچی تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە. هەردو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەیانتوانی هەر لە رۆژی دوەمەوە دەست پێبکەن."

بەپێی ماددەی 11ـی یاسای بودجەی ئەمساڵ، دەبێت هەرێمی کوردستان بە لای کەمەوە رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی خۆی بەرهەم بهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچوی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە لای کەمەوە رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات. هاوکات دەبێت 50%ـی داهاتی نانەوتیی خۆی رادەستی بەغدا بکات، ئەو کات حکومەتی عێراق بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە دا: "ئەو بڕە پارەیەی هەرێمی کوردستان دەبێت بینێرێت مانگانە ئەژمار دەکرێت. دەبێت دیار بێت کە لەو مانگەدا نەوتی بە چەند فرۆشتوە تا کۆی گشتیی نرخی 250 هەزار بەرمیل نەوت دیاری بکرێت، ئەوجا داهاتی نانەوتییش دیاری بکات و ئەوەیش دەستنیشان بکرێت کە مانگانە قەرزی بانکی بازرگانیی عێراق لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندە. لە بەرامبەر ئەم سێ خاڵەدا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت."

بە وتەی ئەحمەد سەفار، نەناردنیشی لەبەر ئەوەیە کە لیژنەی بۆ دروست نەکراوە کە دەبێت لە هەردولا بێت لە وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی. ئەگەر هەر لە رۆژی دوای پەسەندکردنی بودجەوە ئەو لیژنەیە پێکبهێنرایە، بچونایەتە بەغدا و هاوئاهەنگی و ژمێرەکانیان بکردایە، جێبەجێکردنی گەلێک ئاسان بو.
 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردودا رایگەیاند کە نوسراوێکیان بۆ دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ناردوە بە مەبەستی دانانی پلانی هاوبەش بۆ وردبینیکردنی داهاتەکان.

ئەحمەد سەفار وتیشی"لە راستیدا ئێمە نازانین چی لەناو هەردو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت. باشترە هەتا زوە ئەو لیژنەیە دروست بکرێت و بچێتە بەغدا. ئەو پرسە بە کاژێرێک چارەسەر دەبێت کە ئەو لیژنەیە دروست بکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دو نوێنەری خۆی لە سۆمۆ و لە وەزارەتی دارایی عێراقدا هەبێت تا بەدواداچون و هاوئاهەنگی بکەن. هۆکاری نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان نەبونی پارەی پێویست نییە، بەڵکو ئێستا دۆخی دارایی عێراق زۆر باشە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×