پۆلیسی هه‌ولێر هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەتی دەست پێكرد
  2021-05-08       442       
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هەڵمەتێك بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێمۆڵەت دەست پێكراوه‌،هەڵمەتەكە دەبەینە دەرەوەی شاری هەولێر و تا ئەو كاتەش كە كۆتایی بە دیاردەی هەڵگرتنی چەكی بێمۆڵەت دێت، بەردەوام دەبێت.

ئاوێنه‌: عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، رایگەیاند، چەند رۆژێكە بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی نایاسایی و بێ مۆڵەت دەستی پێكردووە و شەوانە هێزەكانی پۆلیس بە هەماهەنگی هێزەكانی زێرەڤانی لە ناوچە جیاوازەكانی هەولێر خاڵی پشكنین دادەنێین بۆ ئەوەی دەست بەسەر چەكی بێ مۆڵەتدا بگرین.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر وتیشی، جگە لە ناوشار، هەڵمەتەكە دەبەینە دەرەوەی شاری هەولێر و تا ئەو كاتەش كە كۆتایی بە دیاردەی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت دێت، بەردەوام دەبێت.

باسی له‌وه‌ش كرد، بەپێی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 1993، كە تایبەتە بە چەك، مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكەین، كە بەپێی ماددەی 21 ی ناو یاساكە، هەڵگرتنی چەك بەبێ هەبوونی مۆڵەت قەدەغەیە و سزای بەدوواوەیە، لەبەر ئەوەش هەموو ئەو چەكانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، دوای كۆكردنەوەیان لەلایەن پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بە نوسراوی فەرمی، رادەستی وەزارەتی ناوخۆ دەكرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×