ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كگرتو له په‌رله‌مانی كوردستان له‌په‌یامێكدا بۆ په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، " خۆتان باشتر له‌ئێمه ده‌زانن كه‌یسی سزادراوانی بادینان سیاسیه نه‌ك یاسایی، ئه‌و دۆسیه‌یه به‌م مامه‌ڵه ته‌نگه نه‌فه‌سیه حزبیه بوه‌ته بار بۆسه‌ر ناو ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان".
ئاوێنه: ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كگرتو له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی، "بۆ په‌رله‌مانتارانی ده‌سه‌ڵات، خۆتان باشتر له‌ئێمه ده‌زانن كه‌یسی سزادراوانی بادینان سیاسیه نه‌ك یاسایی به‌ری خۆری ئازادی به‌بێژنگی شڕی گه‌نده‌ڵی و سه‌ركوتكردن ناگیرێت".
راشیگه‌یاندوه، "بۆ یاداشتی 29 په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی سزادراوانی بادینان كۆمه‌ڵێك تۆمه‌ت دراوه‌ته پاڵ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه كه به‌نده یه‌كێكم له‌وان كه به‌شانازیه‌وه واژۆی ئه‌و یاداشته‌م كردوه، به (ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری دادگا، نمایشكردنی شانۆگه‌ری، موزایه‌ده‌ی سیاسی، ناده‌ستوری و نایاسایی، بێده‌نگی له‌ئاستی هه‌ندێ پێشێلكاری سلێمانی) تۆمه‌تباری كراوین".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "هه‌میشه له‌هه‌ر كونجێكی ئه‌م كوردستانه ناهه‌قی و گه‌نده‌ڵی و سته‌م ویاساشكێنی هه‌بوبێت هه‌ڵوێستمان ده‌ربڕیوه به‌دۆسیه‌ی مسته‌فای سه‌لیمیشه‌وه، بۆ من تیرۆری سه‌رده‌شت و سۆران و كاوه هه‌ریه‌ك ئازاره، قاچاخچێتی له‌باشماخ و ئیبراهیم خه‌لیل یه‌ك تاس و حه‌مامه، دزی له نه‌وتی عه‌ین زاله و له‌غازی قادر كه‌ره‌م یه‌ك مه‌ن و ڕبه‌یه".
ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی له‌په‌یامێكیشدا ده‌ڵێت، "ئێوه ناتوانن خۆتان له‌و راستیه ببوێرن كه‌دۆسیه‌ی سزادراوانی بادینان دۆسیه‌یه‌كی سیاسیه و له‌م وڵاته نه‌دادگا سه‌ربه‌خۆیه و نه یاسا سه‌روه‌ره و نه‌هاوڵاتیان ده‌رفه‌تی یه‌كسانیان هه‌یه به‌رامبه‌ر یاسا، نه‌سه‌رجه‌م دادوه‌ران له سه‌ر بنه‌مای لێوه‌شاوه‌یی دانراون، به‌ڵكو هه‌ندێك له‌وانه به‌ئۆكه‌ی و ته‌زكیه‌ی حزبی بونه‌ته خه‌ڵاتی بون به‌دادوه‌ریان پێدراوه".
ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه، "به‌ڕێزی واهه‌یه یه‌ك سه‌عات موماره‌سه و خزمه‌تی وه‌زیفی قانونی نییه چ له دادگا و چ له فه‌رمانگه یاساییه‌كان كه‌چی هاتوه ئێمه‌مانان تۆمه‌تبار ده‌كات كه بارته‌قای ته‌مه‌نی به‌ڕێزیان خزمه‌تی یاساییمان هه‌یه وه‌ك پارێزه‌ر و یاریده‌ده‌ری دادوه‌ری و لێكۆڵه‌ره‌وه‌ی دادی پێش ئه‌وه‌ی ببینه په‌رله‌مانتار".
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "ئێمه په‌رله‌مانتاری كوردستانین به‌هه‌مو دوعایه‌ك ناڵێین ئامین و گه‌نده‌ڵی و بڕینی قوتی خه‌ڵك بشه‌رعێنین، جگه له‌ویژدان و خودا و خه‌ڵكی خۆمان قه‌رزاری كه‌س نین تا ئیشمان سه‌رله‌قاندن و ئه‌شهه‌دو بیلاكردن بێت به‌هه‌ق و ناهه‌ق".
هه‌ر له‌و په‌یامه‌یدا، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كگرتوی ئیسلامی باسی له‌وه‌كردوه، "به‌ڵێ دۆسیه‌ی سزادراوانی بادینان به‌م مامه‌ڵه ته‌نگه نه‌فه‌سیه حزبیه بوه‌ته بار بۆسه‌ر ناو ناوبانگی هه‌رێمه‌كه‌مان له‌سه‌رئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه و هه‌مو ئازادیخواز و هه‌قویستێك ئه‌و بڕیاره سیاسیه ناڕه‌وایه ڕه‌تده‌كاته‌وه".
فراكسیۆنی پارتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاندبو، ھه‌ندێ لایه‌ن و فراكسیۆنی په‌رله‌مانی دور له بنه‌ماكانی جیایی نێوان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و په‌رله‌مان كه‌وتونه‌ته وێزه‌ی دادگا‌و سه‌روه‌ری یاسا له‌هه‌رێمی كوردستان و ده‌یانه‌وێت ده‌ست له‌كاروباری دادگاكان وه‌ربده‌ن.