لە کەربەلا چالاکوانێکی مەدەنی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا كوژرا
  2021-05-09       191       
سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەکان ئاشکرایانکرد، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چالاکوانێکی مەدەنی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەربەلا كوژرا.

ئاوێنە: میدیا عێراقییەکان لەزاری سەرچاوە ئەمنییەکانی کەربەلاوە بڵاویانکردەوە، ئیهاب جەواد محەمەد چالاکوانی مەدەنی و یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی کەربەلا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن دوو کەسی چەکدارەوە کوژراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دوو کەسە ماتۆڕسکیلیان پێبووە و تاوانەكەیان بە دەمانچە ئەنجامداوە، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە شارەکانی عێراق دژی حکومەت و گەندەڵی و بێکاری و خراپیی گوزەرانی خەڵک دەستیپێکرد، توندوتیژی كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەر بوونە قوربانی، فشارەكان بوونە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق.

لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكانیشەوە بەردەوام چالاكوانان و ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكان بەئامانجدەگیرێن و تیرۆردەكرێن، بەردەوام حكومەتی فیدراڵ بەڵێنی سزادانی ئەنجامدەرانی تیرۆركردنەكان دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی دیار بۆ هیچ یەكێك لە دۆسیەكانی تیرۆركردنی چالاكوانان بەدینەهاتووە.

بەپێی ئامارەكان، 560 خۆپیشاندەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆپیشاندانەکان لە شارە جیاوازەکانی عێراق کوژراون، لەنێویشیاندا دەیان چالاکوانی مەدەنی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژراون.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×