كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و رێكخراوی عێراقی سەركۆنەی بڕیارەكەی دادگای پێداچونەوە دەكەن
  2021-05-09       361       

كۆمەڵێك رۆژنامەنوسی سەربەخۆ و رێكخراوی بواری ئازادی رۆژنامەگەریی لە عێراق سەركۆنەی بڕیارەكەی دادگای پێداچونەوەی هەرێم دەكەن بۆ پەسەندكردنی سزای پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان و داواش لە سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی پەیوەست بە پاراستنی دەستور لە عێراق دەكەن لەو بارەیەوە بە رۆڵی خۆیان هەڵسن.

ئاوێنە: كۆمەڵێك رۆژنامەنوسی سەربەخۆ و رێكخراوی بواری ئازادی رۆژنامەگەری لە عێراق، لە بەیاننامەیەكدا سەركۆنەی بڕیارەكەی دادگای پێداچونەوەی هەرێمیان كردوە بۆ پەسەندكردنی بڕیاری سزادانی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان بە شەش ساڵ زیندانی بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی هەرێم و دیدار لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی بیانی.

ئەو رێكخراو و رۆژنامەنوسانە، داوایان لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كردوە، بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت و دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت بۆ ئازادكردنی زیندانیان بیروڕا و راگرتنی پێشێلكردنی دەستور لە پەیوەست بە دۆسیەی ئازادی رادەربڕین و چالاكی مەدەنییەوە.

هەروەها بەیاننامەكە بەرپرسیارێتی مامەڵەنەكردن لەگەڵ دۆسیەی ئازادی كاری رۆژنامەگەریی و مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەخاتە ئەستۆی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی و ئەو دامەزراوە فیدراڵییانەی پەیوەندیدارن بە پاراستنی دەستورەوە.

داواشیان لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق كردوە رۆڵ و هەڵوێستی هەبێت لە راستكردنەوە یاخود ئاڕاستەكردنی دامەزراوە دادوەرییەكان لە هەر كوێی عێراق بن كە بەپێی بنەما دەستورییەكان و بەوپەڕی بێلایەنی و دور لە گوشاری سیاسی كاربكەن.

هەروەك داواشیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەتایبەت ئەو لیژنانەی پەرلەمان كردوە كە پەیوەندیدارن بە راگەیاندن و رۆشنبیری و مافەكانی مرۆڤەوە، بە رۆڵی خۆیان هەڵبسن و چاودێری ئەو دۆسیە هەستیارە بكەن و هەر كارێك لەدەستیان دێت بیكەن بۆ راگرتنی ئەو دادگاییكردنانەی كە تەنها زیان بە ناوبانگ و پێگەی هەرێم ناگەیەنن بەڵكو دەبنە مایەی زیانیش بۆ دەرفەتی بونیادنانی رۆژنامەگەرییەكی ئازادو بەهێز لە عێراق كە توانای بەجێهێنانی رۆڵی خۆی وەك دەسەڵاتی چوارەم هەبێت.

هەروەها سەرسوڕمانی خۆیشیان نیشانداوە لە بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەو پێشێلكارییانە كە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەیكەن كە هەڕەشەن بۆ سەر ئەو روبەرە ئازادەی لە هەرێم هەیەو هەڕەشەشە بۆ سەر دیموكراسیەت و سەربەخۆیی دامەزراوەكان كە یەكێكە لە دەستكەوتە دیارەكانی خەڵكی كوردستان لەدوای چەند دەیەیەك لە خەبات و قوربانیدانی مەزن.

هەروەها وەبیری ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییانەیان هێناوەتەوە كە لە عێراق كاردەكەن و كار لەسەر پشتیوانی و پتەوكردنی بنەما دیموكراتییەكان و مافەكانی مرۆڤ دەكەن كە هەڵوێستیان لاوازەو رۆڵیان دیار نییە لە گوشار خستنە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ راستكردنەوەی ئاڕاستەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئازادییەكان.

هەروەها نیگەرانی زۆری خۆیشییان نیشانداوە كە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان ئەو پێنج كەسەیان بە تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم تۆمەتبار كردوە لەكاتێكدا ئەو پێنج كەسە تەنها مافێكی دەستوری خۆیان بەكارهێناوە بۆ دەربڕینی بۆچونی خۆیان و رەخنەكردنی ئیدارەدانی توانا و سامانەكانی هەرێم و یەكێك لەو تۆمەتانەیشی روبەڕویان كراوەتەوە خۆی لە دیدار لەگەڵ دیپلۆماتكارە رۆژئاواییەكاندا دەبینێتەوە لەگەڵ وەرگرتنی هاوكاری لە كونسوڵخانەی ئەڵمانیاو ئەمریكا كە بە ڕەسمی لە هەرێمن و بەپێی پرۆتۆكۆلە دیپلۆماتییەكان كاردەكەن و لەماوەی سێ دەیەی رابردودا پشتیوانی هەرێم بون كە ئەوەش دەرخەری بێبەمایی ئەو تۆمەتانەیە كە ئاڕاستەی ئەو پێنج كەسە كراون.

ئیمزاكان:
كۆمەڵگەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەگەری
سەنتەری میترۆ
سەنتەری ئامارجی
رۆژنامەی "العلم الجدید"
تۆڕی عێراقی بۆ رۆژنامەگەریی بنكۆڵكاری"نیریج"
تۆڕی عێراقی بۆ راگەیاندنی كۆمەڵگە
سەنتەری "القلم" لە عێراق
كۆمەڵێك لە رۆژنامەنوسانی سەربەخۆی عێراقی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×