دژە تیرۆری پارتی دەڵێت: دژە تیرۆری یەكێتی لەدەرەوەی یاسا كاردەكات
  2021-05-09       2199       

دژە تیرۆری كوردستان(پارتی)، دەزگای دژە تیرۆر(یەكێتی) تۆمەتبار دەكات بەوەی لە دەرەوەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان کار دەکات کە تایبەتە بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان. ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ دژە تیرۆری یەكێتی، دژە تیرۆری پارتی تۆمەتباركردبو بەوەی كە "له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌مو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن."

ئاوێنە: دژە تیرۆری كوردستان(پارتی)، ئیوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، رونكردنەوەیەكی لەبارەی هاتنی "ناوی دەزگای دژە تیرۆر(یەكێتی)" لە راپۆرتێكی ماڵپەڕی یاهو نیوز، بڵاوكردەوە.

لە رونكردنەوەكەی دژەتیرۆری كوردستاندا هاتوە "دوابەدوای بڵاوبونەوەی راپۆرتێکی رۆژنامەوانیی بنکۆڵکاری لە ماڵپەری یاهو نیوزی ئەمریکی لەسەر وردەکاری ئۆپەراسیۆنی بە ئامانجگرتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کە تێیدا ناوی دژە تیرۆری کوردستان هاتوە، لێرەوە بۆ هەمو لایەکی رادەگەیەنین، دژە تیرۆری کوردستان ناسراوە بە CTD و دورو نزیک پەیوەندی بە زانیارییەکانی ناو ئەو راپۆرتەو ئەو ئۆپەراسیۆنەوە نییەو لێی بێ ئاگایە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"گروپێک هەیە بە ناوی CTG کە سەر بە لاهور جەنگی و براکانیەتی و پابەند بە رێکارو یاساکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانییەوە نین و لە دەرەوەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی کوردستان کار دەکات کە تایبەتە بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان-عێراق."

دژە تیرۆری كوردستان(پارتی) پێشنیاری كردوە "حکومەتی ھەرێمی کوردستان لێکوڵینەوەیەکی جددی لەسەر ئەو راپورتە بکات بۆ ئەوەی راستییەکان بو رای گشتی ئاشکرا بکرێن."

لە راپۆرتەكەی یاهو نیوزدا باس لە وردەكاری نوێ سەبارەت بە كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی هێزی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغدا كراوەو تێیدا ئاماژە بەوەدراوە كە چەند ئەندامێكی دەزگای دژە تیرۆر(یەكێتی) بەشداربون لەو ئۆپەراسیۆنەدا.

پێشتر دەزگای دژە تیرۆری یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا وتبوی"شه‌وی ٨ \٩-٥-٢٠٢١ راپۆرتێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕون تۆمه‌تی به‌شداربون له‌ كه‌یسی تیرۆركردنی ژه‌نەراڵ قاسم سلێمانی ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی كوردی و له‌ شوێنێكی تر ناوی هێزێكی دژه‌ تیرۆری سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان هاتوه‌، گه‌رچی ئێمه‌ نازانین كه‌ نوسه‌رانی راپۆرته‌كه‌ مه‌به‌ستیان له‌ كام هێزی دژه‌ تیرۆره‌ له‌ كوردستان، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌‌‌ تا ئێستاش وه‌ك ئاشكرایه، دو هێزی پێشمه‌رگه‌ و دو ئاسایش و دو هه‌واڵگری و دو دژه‌ تیرۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن‌."

وتبوشی "به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ ئێمه‌وه‌ وه‌ك هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر هه‌بێت، به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئاگاداربون و به‌شداربونی هێزه‌كه‌مان له‌ كرده‌وه‌ی له‌وجۆره‌دا ره‌دده‌كه‌ینه‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر راپۆرته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نه‌كه‌ی تره‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌وا حه‌قی وایه‌ خۆیان رونكردنه‌وه‌ بده‌ن، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێمه‌ ئاگاداری هیچ چالاكییه‌كی ئه‌وان نین و ئه‌وان له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌مو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×