دەزگای لوتكە بۆ
كاروباری ئاوارەو پەنابەران رایگەیاند، ئەو 32 گەشتیارە كوردەی كە ماوەی پێنج رۆژە
لە میسر دەستبەسەرن، بڕیاری ئازادكردنیان دراوەو رۆژی 11ی ئەم مانگە دەگەڕێنەوە
هەرێمی كوردستان.
ئاوێنە: دەزگای
لوتكە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"کۆمەڵێک لە هاوڵاتییانی
هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان 32 کەسە، بە مەبەستی گەشت و سەیران لە 16ی مانگی نیسان
سەردانی وڵاتی میسر دەکەن."
ئەوەشی
خستۆتەڕو"بۆ گەشت و گەڕان بە چەند شارێکی ئەو وڵاتە، لەلایەن شۆفێرێکی
مصرییەوە دەبرێن بەرەو شاری ئەسکەندەرییە، بەڵام لەناوچەیەکی قەدەغەکراوی ئەو سنورە
جێیان دەهێڵێت و دواتر لەلایەن پاسەوانانی سنوری وڵاتی میسرەوە دەستگیردەکرێن، کە
وا زانراوە ئەم هاوڵاتییانە بیانەوێت لەو سنورەوە کۆچ بکەن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا."
ئەوەشی
خستۆتەڕو"ئەو گەشتیارە کوردانە ماوەی پێنج ڕۆژە لە بنکەیەکی پۆلیس
لە وڵاتی میسر دەستبەسەرن و لە ژیانێکی سەختدان بەهۆی کەمی و نەبونی ئاو و خۆراکەوە
لە گەراجی ئۆتۆمبیلەکانی پۆلیس دا دەستبەسەرن."
بەپێی قسەی دەزگای لوتكە "پاش لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ناسنامەی ئەو هاوڵاتییانە،
لە پاش ڕۆژێک دادگا بڕیاری داوە ئازادبن وابڕیاریشە 11ی ئەم مانگە بگەڕێنرێنەوە هەرێمی
کوردستان."