عێراق ڤاکسینی سپۆتنیکی ڕوسیی دەکڕێت
  2021-05-10       368       
وەزارەتی تەندروستیی‌و ژینگەی عێراق ئاشكرایكرد، سه‌رقاڵى تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە پێویستەکانن بۆ هاوردەکردنی ڤاکسینی سپۆتنیک-ڤی ڕوسیی، بەڕێوەبەرێكی گشتیی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات.

ئاوێنه‌: دکتۆرە ڕوبا فەلاح بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان لەوەزارەتی تەندروستیی‌و ژینگەی عێراق بەڕۆژنامەی"سەباح"ی ڕاگەیاندووە، وەزارەتەکەیان نزیکبۆتەوە لەتەواوکردنی هەموو ڕێکارەكان‌و دیاریکردنی بڕی هاوردەکردنی ڤاکسینی سپۆتنیک-ڤی ڕووسی.

وتوشیه‌تى:"ڤاكسینه‌ ڕوسیه‌كه‌ بەوە جیادەکرێتەوە هەڵگرتن‌و گواستنەوەی ئاسانەو یەکەم ڤاکسینیشە لەجیهاندا كه‌ دژى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەرهەمهێنراوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ڤاکسینەو بەکۆمەڵێک فاکتەر لەڤاکسینەکانی تر جیادەکرێتەوە لەوانە ژمارەی ئەو جارانەی دەبێت کەسەکە پێی بکوترێت، ڕێگه‌و شێوازی هەڵگرتنی‌و پێکهاتەی ڤاکسینەکە.

بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستیی جەختیکردۆتەوە، هەموو ڤاکسینەکان بەوەجیادەکرێنەوە کە کاراو سەلامەتن‌و لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی‌و کۆمپانیا متمانەپێکراوەکانی جیهانەوە پەسەندکراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×