سبەی یەكەم ڕۆژی جەژن دیاریدەكرێت
  2021-05-10       869       
بڕیارە سبەی سێشەممە لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی دیاریكردنی یەكەمین ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان كۆببێتەوە.

ئاوێنە: نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند، سبەی سێشەممە لیژنەی باڵای بینینی مانگ، بە هەماهەنگی لیژنە لاوەكییەكان لە سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان كۆدەبێتەوە، بەمەبەستی دیاریكردنی یەكەمین ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.

وتیشی، “سبەی بە پشتبەستن بە بەڵگەی شەرعی و لە دوای مەغریبەوە ڕادەگەیەنرێت، ئایا ڕۆژی چوارشەممە جەژنە، یاخود تەواوكاری مانگی ڕەمەزانە”.

نەبەز ئیسماعیل ڕونیشیكردەوە، ئەگەر لە ئێوارەی سێشەممەدا بە بەڵگەوە مانگ بینرا، ئەوە ڕۆژی چوارشەممە دەبێتە یەكەمین ڕۆژی جەژن، بەڵام ئەگەر مانگ نەبینرێت، ڕۆژی چوارشەممە تەواوكاری مانگی ڕەمەزانە و ڕۆژی پێنجشەممە دەبێتە یەكەمین ڕۆژی جەژن.

دەربارەی ئەوەی ئایا هەرێمی كوردستان دەتوانێت، خۆی بڕیار لەسەر دیاریكردنی یەكەمین ڕۆژی جەژن بدات، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم دەڵێـت، دەتوانن خۆیان بڕیار بدەن و هەماهەنگیشیان لەگەڵ وەقفی سونیی عێراق هەیە، بەدوو شێوازیش چاودێری بینینی مانگ دەكەن، ئەوانیش، شێوازە كۆنەكە لە ڕێگەی كەسانی بەئەزموون چاودێریی بینینی مانگ دەكەن، شێوازی دووەمیش لەڕێگەی تەلیسكۆبەوەیە.

ڕاشیگەیاند، “جاری وا هەبووە ئەوان پێش وڵاتان بڕیاری جەژنیان داوە، دواتر سعودییە بڕیاری لەسەرداوە، چونكە بەڵگەی شەرعییان هەبووە”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×