هاوپەیمانیی فەتح و سائیروون و کەتائیب حیزبوڵڵا هێرشی تووند دەکەنە سەر باڵیۆزی بەریتانیا
  2021-05-12       1007       


هەر یەک لە سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و هاوپەیمانیی سائیروون و کەتائیب حیزبوڵڵای عێراق هێرشی تووند دەکەنە سەر باڵیۆزی بەریتانیا.

ئاوێنه‌: دوای ئەوەی سیتڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند: ژینگەی ئێستا بۆ هەڵبژاردنەکان گونجاو نییە، رووبەڕووی رەخنەی تووندی سەرکردە شیعەکانی عێراق بووەوە.

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: "پێویستە باڵیۆزی بەریتانیا سنووری کاری خۆی بزانێت و رێگەی پێنادەین دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق بکات". هادی عامری، دەشڵێت، پێویستە  وەزارەتی دەرەوەی عێراق چاودێری کاری باڵیۆزەکان بکات، رێکاری پێویستە بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە هەر دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی عێراق.

هەر لەوبارەوە هاوپەیمانیی سائیروون، براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 کە لەلایەن موقتەدا سەدر پشتیوانی دەکرێت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هاوپەیمانیی سائیروون ئاگاداری لێدوانەکانی باڵیۆزی بەریتانیایە لە عێراق، کە دەڵێت (ژینگەی ئێستا بۆ هەڵبژاردنەکان گونجاو نییە). ئێمە لە هاوپەیمانی سائیروون دووپاتیدەکەنەوە بە تەواوی ئەو لێدوانە ناسەرکەوتوونانە رەتدەکەینەوە، کە دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی عێراق، بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت".

هاوپەیمانیی سائیروون جەختلەوەدەکاتەوە، پێویستە لەسەر دیپلۆماتکارانی هەموو ئەو وڵاتانەی لە عێراقن رێز لە سەروەریی عێراق بگرن، دەستوەرنەدەنە کاروباری ناوخۆی عێراق، پابەندی چوارچێوە دیپلۆماسییە کارپێكراوەکانی وڵاتانی جیهان بن، تاوەکو پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوو لایەن و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان بێت.
هاوکات کەتائیب حیزبوڵڵای عێراق لە بەیاننامەیەکدا باڵیۆزخانەی بەریتانیای لە بەغدا بە پیلانگێڕیی و قوڵکردنەوەی قەیرانەکانی عێراق و هاندانی خۆپێشاندانەکان تۆمەتبارکرد و بە "باڵیۆزخانەی شەڕ" ناوی بردووە.

بەڵام ستیڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا، هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نییە ئەو قسانە بسەلمێنێت، کە بەریتانیا پیلانگێڕی بکات و وتیشی بەریتانیا سەقامگیری و ئارامی و گەشەپێدانی لە عێراق دەوێت. بەتەواوی رێز لە سەروەریی عێراق دەگرێت، لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق و حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ باشبوونی دۆخی ئەمنی و ئابووریی عێراق.

هیکی راشیگەیاند، بەریتانیا پشتیوانی لە حکومەتی عیراق دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی کۆنترۆڵ نەکراو. هەروەها پشتیوانیش لە پێشنیازی چاودێری نێودەوڵەتی دەکات بەسەر هەڵبژاردنەکانەوە.

پێشتر ستیڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە تویتێکدا بە تووندی سەرکۆنەی کوشتنی چالاکڤان ئیهاب وەزنی کرد و رایگەیاند: "کوژرانی چالاکڤان ئیهاب وەزنی بە توندی سەرکۆنە دەکەین"، وتیشی: "چاوپۆشیکردن لە سزادانی ئەوانەی چالاکڤانەکان دەکوژن، وایکردووە کوشتنی زیاتری بەدوادا بێت". 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×