سۆسیالیست: هیچ گەلێك هێندەی كورد هەست بە ئازاری كۆمەڵكوژی و داگیركاری فه‌ڵه‌ستین ناكات
  2021-05-12       464       

حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، هیچ گەلێك هێندەی گەلی كورد هەست بە ئازاری كۆمەڵكوژی و داگیركاری فەڵەستین ناكات و هەردولامان بوینەتە قوربانی دڕندەیی دوژمنان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەمیشە بێدەنگ بوە لەئاست ئەو هەمو ستەم و تاوانكارییە.

ئاوێنه‌: حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەداخەوە جاریكی تر ناوچەكە ڕوبەڕوی شەڕو توندوتیژی بوەتەوە و زەرەرمەندی یەكەمیش گەلانی ستەملیكراوی ناوچەكەن، بۆیە ئەوەی ئێستا دەیبینین و ڕودەدات لە كۆمەڵكوژی و كوشتاری گەلی فەلەستین ئارامی و ئاسایشی پێكەوە ژیانی گەلان و ئاینەكانی ناوچەكەی خستوتە مەترسی، بۆیە ئیدانەی ئەو جورە ڕەشەكوژیە دەكەین لەم مانگە پیرۆزەدا بەرامبەر هەر گەل و نەتەوەیەك بكرێت بەتایبەت گەلی ستەملێكراوی (فەلەستین)".

ئاماژەی بەوەشکردوە، هیچ گەلێك هێندەی گەلی كورد هەست بە ئازاری كۆمەڵكوژی و داگیركاری ناكات و هەردولامان بوینەتە قوربانی دڕندەیی دوژمنان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەمیشە بێدەنگ بوە لەئاست ئەو هەمو ستەم و تاوانكارییە.

حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان باسی لەوەشکردوە، "هیوادارین كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەم گەلی فەڵەستینەوە بین و ئەو كوشتارە و ڕەشەكوژییە ڕابگرن و درێژە بە ئاشتی و پێكەوەژیانی گەلان بدەن و نەهێڵن ئەم جۆرە تاوانكاریانەی كە دژ بە مرۆڤایەتییە بەردەوام بێت".



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×