گەشتوگوزار: لە یەك رۆژدا 30 هەزار گەشتیار رویان لە سلێمانی كردوە
  2021-05-12       589       

بەپێی قسەی گەشتوگوزاری سلێمانی، لەماوەی یەك رۆژدا 30 گەشتیار رویان لە سنوری پارێزگای سلێمانی كردوە كە لەسەدا 90یان خەڵكی ناوەڕاست و باشوری عێراقن.

ئاوێنە: داسیار محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و بەبازاڕكردن لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە ماڵپەڕی رەسمی یەكێتی راگەیاند: بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار رویان لە سنوری پارێزگای سلێمانی كردوەو تەنها دوێنێ سێشەممە، 30 هەزار گەشتیار كە لەسەدا 90یان خەڵكی ناوەڕاست و باشوری عیراقن بەشێوەی گروپ و بە پابەندبون بە رێنماییە تەندروستییەكان لە بازگەكانەوە هاتونەتە سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشداوە: چاوەڕوان دەكەین تا 18ی مانگ كە دوا ئامار وەردەگرین زۆرترین گەشتیار رو لەسلێمانی بكات.

داسیار محەمەد ئەوەشی خستۆتەڕو"وەك گەشتوگوزاری سلێمانی هەمو ئامادەكارییەكمان كردوە بۆ پێشوازی لەگەشتیاران و ئامادەكاری لەناوچە گەشتیارییەكان و شوێنی خەوانەوەو خواردن و بۆ جەژنیش سەرجەم مۆڵ و هۆتێل و مۆتێل و ریستۆرانەكان كراوە دەبن و بۆ دابەزاندنی نرخی شوێنی مانەوەو خواردنیش لەناو خاوەن هۆتێل و مۆتێل و ریستۆرانتەكاندا كێبڕكێیە."

بەڕێوەبەری راگەیاندن و بەبازاڕكردن لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی راشیگەیاند: لەسنوری پارێزگای سلێمانی هەزارو 400 شوێنی گەشتیاری هەن، لەسلێمانیش سەنتەرێكی پێدانی زانیاری بەگەشتیاران كراوەتەوە كە شوێنە گەشتیارییەكان و  شوێنی مانەوەو خواردنی تێدایەو بەچەندین زمان چاپكراوە، ئەوەش بۆ ئاسانكاری گەشتیاران.

باسی لەوەشكرد كە ساڵی رابردو بۆ جەژنی رەمەزان بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆناو قەدەغەی هاتوچۆوە هیچ گەشتیارێك روی لەسلێمانی نەكردو ناوچە گەشتیارییەكان بەداخراوی مابونەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی كرانەوەیان چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیەكی زۆر گەشتیار رو لەناوچە گەشتیارییەكانی سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە بكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×