لاهور شێخ جەنگی: لەم كاتەدا كە جەژن دەگێڕین ناوماڵی كورد یەكڕیزو تەبا نییە
  2021-05-12       497       

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، "لەم كاتەدا كە جەژن دەگێڕین، وڵاتەكەمان لەبەردەم هەڕەشەی داعشدایە، ناوماڵی كورد یەكڕیزو تەبا نییە، كێشەو قەیرانی جۆراو جۆر بەرۆكی گرتوین و موچەخۆران چاوەڕوانی رێككردنەوەی موچەكانیانن." داوا دەكات "لایەنە سیاسییەكان ئەم جەژنە بکەنە بۆنەیەک بۆ یەکتر قبوڵکردن و وەلانانی گرژیی و ناکۆکییەکان."

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، لە پەیامێكدا بە بۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە، رایگەیاند"لەم کاتەدا کە جەژن دەگێڕین، وڵاتەکەمان لە بەردەم هەڕەشەی داعشدایە، ناوماڵی کورد یەکڕیزو تەبا نییە، کێشەو قەیرانی جۆراوجۆر بەرۆکی گرتوین، هاونیشتیمانییەکانمان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان چاوەڕوانی زیاترمان لێدەکەن، موچەخۆران چاوەڕوانی ڕێککردنەوەی موچەکانیانن."

وتوشیەتی"هەق وایە لایەنە سیاسییەکان ئەم جەژنە بکەنە بۆنەیەک بۆ یەکتر قبوڵکردن و وەلانانی گرژیی و ناکۆکییەکان و بە گیانێکی نیشتیمانپەروەری، دور لە چەقبەستویی سیاسی و یەکتر تۆمەتبارکردن، کار بۆ هێنانەدی یەکڕیزیی نیشتیمانی و ئاشتی و تەبایی بکەن، لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئارامی و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان." 

لاهور شێخ جەنگی بەناوی سەرۆكایەتی یەكێتییەوە، دڵنیایی داوەتە هاوڵاتیانی كەركوك و خانەقین و ناوچە دابڕێندراوەكان كە "سیاسەت و بەرنامەی یەکێتیی کارکردنە بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و ڕزگارکردنیان لەو دۆخە دژوارەی کە تێی کەوتون."و وتوشیەتی"لە دوای جەژن ئەنجامی هەوڵ و هەنگاوەکانمان لەو پێناوەدا دەردەکەون."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×