ئەحمەد حاجی ڕەشید هۆكاری نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە ئاشكرا ده‌كات
  2021-05-13       703       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، جیاوازی ژمارەی موچە خۆرانی هەرێم و رادەستنەكردنی نەوت و %50 داهاتە نانەوتییەكان لەلایەن هەرێمەوە هۆكاری نەناردنی پشكی هەرێمن لە بودجەدا و كەموكورتی لە هەر دوولایەنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵەوە هەیە.

ئاوێنه‌: ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، نەناردنی پشكی هەرێم لە بودجە و دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران پەیوەستە بەو بڕگانەی بودجەوە كەتایبەتن بە هەرێمەوە و ناتوانرێت جێبەجێبكرێن.

راشیگەیاند، ئەو بڕگانە تەنها بۆ ئەوە دانراون تا بەرگێكی یاساییان بكرێت بە بەردا تا هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت.

دەشڵێت، هەڵە و كەموكورتی لە هەردولای حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێمەوە هەیە.

هاوكات، ئاشكرایشی كرد، دەبێت بڕی فرۆشتنی نەوتی هەرێم هەڵبەسەنگێندرێت تا بە ئەندازەی ئەو بڕە لە پشكی هەرێم دەربكرێت و چی مایەوە لە پشكی هەرێم لە بودجەدا ئەوە رادەستی بكرێت.

راشیگەیاند، تائێستا هەرێم ئەو بڕە نەوتەی بۆی دیاریكراوە رۆژانە و ئەو رێژەیەی لە  %50 داهاتە نانەوتییەكانی رادەستی حكومەتی فیدڕاڵی  بكات نەیكردووە.

باسی لەوەشكرد، حكومەتی فیدڕاڵی ژمارەی موچەخۆرانی هەریم بە 682 هەزار موچەخۆر دەستنیشان كردووە، لەكاتێكدا هەرێم داوای موچەی یەك ملیۆن و 255 هەزار فەرمانبەر دەكات.

جەختیشی كردەوە، باشترین چارەسەر پابەندبوونی هەردوولایە بە یاسای بودجە و جێبەجێكردنییەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×