گردبونەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دژی پەسەندکردنی سزای رۆژنامەوانان و چالاکوانانی دهۆک لەلایەن دادگای پێداچونەوەی هەرێم لەبەردەم باغی گشتی سلێمانی دەستیپیکرد.
ئاوێنه: گردبونەوەکە لەسەرداوای ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازییە و پێشتر لەراگەیەنراوێکدا سێ داواکارییان لەبارەی کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان خستبوەڕو، بەڵێنی گردبونەوەشان لەرۆژی جەژندا دا.
لەراگەیەنراوی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیدا هاتوە، داواکارییەکانیان خۆی لە سێ خاڵدا دەبینێتەوە کە ئەوانیش، گوێگرتنە لە ناڕەزایەتی و نیگەرانی ناوخۆیی و جیهانی لەوبارەیەوە، ئازادکردنی دەستبەجێی سزاداراوان و ئەوانەش کە دادگایکردنیان کۆتایی نەهاتوە، لەنێویاندا مامۆستا بەدەل بەرواری کە بەبێ هیچ هۆکارێک دادگاییەکەی بۆ 17-ی ئاب دواخراوە و بەوەش زیاتر لە یەک ساڵی تەواو لەزینداندا دەبێت.
لەمانگی شوباتی ئەمساڵ، دادگای هەولێر سزای زیندانیکردنی شەش ساڵی بەسەر پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسی دهۆکدا سەپاند، سەرەتای ئەم مانگەش لەگەڵ نزیکبونەوەی جەژن، سزاکەیان لەلایەن دادگای پێداچونەوەی هەرێمەوە پەسەندکرا، هەنگاوەکە کاردانەوەیەکی زۆری جیهانی و ناوخۆیی بەدوادا هاتو داوای ئازادکردنیان دەکرێت.