پێکدادانی عەرەبەکان و جووەکانی ناوخۆی ئیسرائیل سەریهەڵداوە
  2021-05-13       870       

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماسی فەڵەستینیدا، گرژییەکی دیکە سەریهەڵداوە، کە پێکدادانی عەرەبەکان و جووەکانی ناوخۆی ئیسرائیلە.

ئاوێنه‌: ماوەی دوو ڕۆژە پێکدادان لەنێوان عەرەبەکان و جووەکاندا بەردەوامە، هاوکات موشەکبارانکردنی ئیسرائیل لەلایەن حەماسەوە بەردەوامیی هەیە و سوپای ئیسرائیلیش چەندین بینا و شوێنی لە کەرتی غەززە بۆردومان کردووە.

لەسەر ئەگەری بەریەککەوتنی عەرەبەکان و جووەکانی ئیسرائیل، بینیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییدا، ڕایگەیاند، “من گرنگی بەوە نادەم کێ دڵی گەرمە، دەبێت یاسا حوکم بکات، لە عەرەب و جووش قبووڵ ناکەین هێرش بکەنە سەر خەڵکی مەدەنی”.

نەتەنیاهو دەڵێت، “ئەم چەند ڕۆژەی کۆتایی ئاگر لە پەرستگەی جووەکان بەردراوە و ئۆتۆمبێل و ماڵی خەڵکی سوتێندراوە، عەرەبەکان پەلاماری پۆلیسیان داوە و خەڵكی مەدەنی کراوەتە ئامانج لەلایەن عەرەب و جووەکانەوە، کە هیچ پاساوێک بۆ ئەمە نییە و قبوڵی ناکەین”.

لەهەمان کاتدا، رۆئفین ریڤلین، سەرۆک کۆماری ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، “ئەوەی دەبینرێت شێتییە و ئێمە دووچاری مەترسیی موشەك بووینەتەوە، كە شەقام و هاوڵاتییانمان دەكاتە ئامانج، كەچی سەرقاڵی شەڕێكی ناخۆین لەنێوان خۆمان، كە هیچ مانایەكی نییە”.

عەرەبەکانی ئیسرائیل، کە هەندێکجار بە (عەرەبەکانی 48) یان (فەڵەستینییەکانی 48) ناودەبرێن، کە نیشانەیە بۆ شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیل لە ساڵی 1948 دا، ئەم عەرەبانە لەناو خاکی ئیسرائیلدا و دەرەوەی کەرتەکانی ئێستای فەڵەستین دەژین، ژمارەیان یەک ملیۆن و 700 هەزار کەسە و لە 19 ٪ی کۆی دانیشتووانی ئیسرائیل پێکدەهێنن.

عەرەبەکانی ئیسرائیل موسڵمانن، زۆربەیان هاوسۆزییان بۆ فەڵەستینییەکان هەیە، چونکە هاوزمان و هاوئایین و هاوخوێنن، لە زۆرینەی گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×