وەزیری پێشمەرگە: لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق هاتۆتە ئاراوە
  2021-05-13       336       

لەمیانەی سەردان و بەسەرکردنەوەی هەردو میحوەری (باشیک) و (خازرـموسڵ) وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند:  لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق هاتۆتە ئاراوەو هیواخوازن بگاتە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆنکرێتی.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیاوەری فەریق جەمال محەمەد، سەرۆکی دەستەی  ئەرکان و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، لە یەکەم ڕۆژی جەژندا سەردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لەرۆژهەڵاتی موسڵ کرد.

لەدەستپێکی سەردانەکەدا، میحوەری باشیکیان بەسەر کردەوەو لەلایەن (موسا گەردی) بەرپرسی میحوەری باشیک پێشوازیان لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکەدا وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: شەونخونی قارەمانێتی ئێوە هەرگیز لە یادناکرێت، بەو پێیەی هەمیشە هەوڵەکانتان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانە.
لە وێستگەی دوەمی سەردانەکەیدا، وەزیری پێشمەرگە میحوەری خازرـ موسڵی بەسەرکردەوەو لەلایەن لیوا عەزیز وەیسی، بەرپرسی میحوەری خازرەوە پێشوازی لێکرا.

لەو سەردانەدا، وەزیری پێشمەرگە سەرجەم خاڵەکانی بەرگری هێزی پێشمەرگەی لەو میحوەرە بەسەر کردەوەو ڕایگەیاند: جێگەی دڵخۆشی ئێمە و هەموانە هێزی پێشمەرگە لە تەواوی ناوچەکان سەنگەرەکانیان بە روی تیرۆریستان بەهێزو توکمەیە. 

لە کۆتا سەنگەری بەرگری هێزی پێشمەرگە لەچیای زەرتک، وەزیری پێشمەرگە، داوایکرد جەژن بکرێتە هەوێنی نزیککردنەوەو رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر پشتگیری و پاڵپشتیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە ببێتە سەنەدی بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگەو بونیاتنانی هێزێکی نیشتمانیی سەربەخۆیانەی سەربازی سەردەمی.

وتیشی: دۆخی ئێستا وا دەخوازێت هەموان هاوکارو هەماهەنگی پێشمەرگە بن، بۆ ئەمەش داوایکرد پاڵپشتی دارایی و لۆجیستی و سەربازی هەمەلایەنەی پێشمەرگە بکرێت. 

وەزیری پێشمەرگه ئاشکراشی کرد، ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق هاتۆتە ئاراوە، جێی بایەخەو هیواخوازن بگاتە رێککەوتنێکی گشتگیر و کۆنکرێتی، کە زامنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەو تێکشکانی تەواوەتی تیرۆریستانی لێدەکەوێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×