لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی عێراق
بڕیاریدا بە راگرتنی بڕیاری قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ و پەیڕەوكردنی قەدەغەی
هاتوچۆی سنوردار.
ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیژنەكە لە
راگەیەندراوێكدا چەند بڕیارێكی نوێی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا خستەڕو.
بەپێی بڕیارەكان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی
لیژنەكەدا بڕیاردراوە بە راگرتنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی لە بەغداو سەرجەم
پارێزگاكانی دیكەی عێراق لە رۆژانی جەژن و دواترداو پەیڕەوكردنی قەدەغەی هاتوچۆی
سنوردار لە سەعات 9ی ئێوارەوە بۆ 5ی سەرلەبەیانی لە سەرجەم رۆژانی هەفتەدا.
هەر بەگوێرەی بڕیارەكان مۆڵ، چێشتخانە،
كافتریا، سینەما، هۆڵی بۆنەو ئاهەنگەكان، مەلەوانگەو شوێنی مەساج، تەنها لەماوەی پشوی
جەژندا بەداخراوی دەمێننەوەو لە رۆژی 17ی ئەم مانگە رێگەی بە كردنەوەیان لە سەعات
5ی بەیانییەوە بۆ 8:30 خولەكی ئێوارە دەدرێت جگە لە هۆڵە بۆنەكان و سینەما و
مەلەوانگەو شوێنەكانی مەساج نەبێت كە بەداخراوی دەمێننەوە.
هەروەك بڕیاریش دراوە بە قەدەغەكردنی
نێرگەلە لە چێشتخانەو قاوەخانەو كافتریاكان و شوێنەكانی دیكە، ئەوەشی سەرپێچی بكات
شوێنەكەی بۆ ماوەی 90 رۆژ دادەخرێت.
یەكێك لە بڕیارەكانی دیكە ئەوەیە كە ئەو
كەسانەی لەكاتی بەكارهێنانی ئامڕازەكانی گواستنەوەدا دەمامك نەبەستن غەرامە دەكرێن
و هەروەها گەشتی بەكۆمەڵی نێوان پارێزگاكان قەدەغە دەكرێت.
بەپێی بڕیارەكان دەوامی رەسمی لە سەرجەم
فەرمانگەكان جگە لە دامەزراوە تەندروستی و ئەمنی و خزمەتگوزارییەكان لە 17ی
مانگەوە بۆ 20ی مانگ رادەگیرێت.