كازمی: لەماوەی یەك ساڵدا، هێندەی 17 ساڵی رابردو بەرەنگاری گەندەڵی بوینەتەوە
  2021-05-13       375       

مستەفا كازمی، سەرۆكی وەزیرانی عێراق لە وتەیەكدا بەبۆنەی تێپەڕینی ساڵێك بەسەر حكومەتەكەیدا، رایگەیاند، ئەركی سەرەكی حكومەتەكەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و دادپەروەرانەیە. دەشڵێت: لەماوەی ئەم ساڵەی تەمەنی حكومەتەكەیدا هێندەی 17 ساڵی رابردو كاریان بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی كردوە.

ئاوێنە: مستەفا كازمی، ئەمشەو پێنجشەممە، لە وتەیەكی تەلەفزیۆنیدا بەبۆنەی تێپەڕینی ساڵێك بەسەر تەمەنی حكومەتەكەیدا وتی: ئەم حكومەتەی من سەرۆكایەتییەكەیم وەرگرت، لە دۆخێكی تایبەتی مەترسیداردا لە دایك بو.

جەختیشی كردەوە، ئەركی سەرەكیمان ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و دادپەروەرانەیە بەشێوەیەك لەگەڵ ئیرادەی گەلدا بگونجێت و حكومەتەكەشم هەمو پشتیوانییەكی بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان پێشكەش كردوە.

هەروەك ئاماژەی بەوەشدا كە بەڵێنی خۆی بردۆتەوە سەر بەوەی كە بەشداری هەڵبژاردنەكان ناكات و پشتیوانی لە هیچ حیزب و لایەنێكیش ناكات لەسەر حیسابی حیزب و لایەنێكی دیكە.

كازمی وێڕای ستایشكردنی كارەكانی حكومەتەكەی بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا و دابینكردنی ڤاكسین، راشیگەیاند، لەماوەی ساڵی رابردودا، حكومەتی عێراق سەروەری دەوڵەت و سنورداركردنی چەكی لەدەستی دەوڵەتدا سەپاندوەو روبەڕەی ئەو گروپانەش بۆتەوە كە لەدەرەوەی یاسان و چەندین كەسیان لەوانە دەستگیركردون.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە لەماوەی ئەو ساڵەدا هێزەكانیان پێشكەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە روبەڕوبونەوەی داعش.

جەختیشی كردەوە كە بكوژانی چالاكوان ئیهاب وەزەنی لە كەربەلا هەمان چارەنوسی بكوژانی ئەحمەد عەبدولسەمەدیان دەبێت لە بەسرە.

لەبارەی روبەڕوبونەوەی گەندەڵیشەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی"پێش ئەم ساڵە، تەنها قسەكردن هەبو لەوبارەیەوە...تا ئێمەو ئەم حكومەتە هاتین...ئەوەی ئێمە لەماوەی یەك ساڵدا لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵیدا كردمان هێندەی ئەو هەمو هەوڵانەیان كە لەماوەی زیاتر لە 17 ساڵی رابردودا كراوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×