"بەناوی فەلەستینییەكانەوە، توركیا مزگەوت لەسەر خاكی گوندە ئێزیدییەكانی عفرین دروست دەكا"
  2021-05-14       1196       

ئاژانسی هاوار نیوز، نزیك لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی لە رۆژئاوای كوردستان، رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی توركیا بەردی بناغەی مزگەوت و ناوەندێكی لەبەركردنی قورئانیان بەناوی فەلەستینییەكانەوە، لەسەر خاكی گوندێكی ئێزیدی سەربە ناحیەی شێراوا لە عفرین، داناوە.

ئاوێنە: ئاژانسەكە لە هەواڵێكدا بڵاویكردۆتەوە، لەچوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای عفریندا، توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی، بەردی بناغەی مزگەوت و ناوەندێكی لەبەركردنی قورئانیان بەناوی مزگەوتی "ئەبوبەكری سدیق" لە گوندی "شادێری" ئێزیدی سەر بە ناحیەی شێراوا لە عفرین داناوە.

بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە دروستكردنی ئەو مزگەوت و ناوەندی لەبەركردنی قورئانە، لەلایەن كۆمەڵەیەك بەناوی "خەڵكی فەلەستین48" پشتیوانی و پارەی بۆ دابینكراوە.

كۆمەڵەی "خەڵكی فەلەستین48" لەو فەلەستینیانەن كە لەساڵی 1948 ئاوارەی سوریا بون كە بەپێی ئاژانسی هاوار نیوز لەلایەن توركیاوە لەناوچە جیاجیاكانی سوریاوە، هاوردەی عفرین كراون ئەوەش لەژێر سەرپەرشتی "كۆمەڵی ژیان بە شكۆ" و "كۆمەڵەی دەستە سپییەكان"ەوە هێنراونەتە عفرین كە ئەو دو كۆمەڵەیە سەر بە رێكخراوی ئیخوان موسلمینن.

رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ لە عفرین رایگەیاندوە، توركیا زیاتر لە 500 خێزانی فەلەسیتنی لە ناوچە جیاجیاكانی سوریاوە هاوردەی عفرین كردوەو لە شوێنی ئاوارەكانی عفرین نیشتەجێی كردون.

هەروەك ئەوەشی خستۆتەڕو، توركیا كاردەكات بۆ دروستكردنی حەوت كۆمەڵگەی نیشتەجێبون لە گوندو شارۆچكەكانی سەربە عفرین، لەنێویشیاندا لە گوندی "بافلیۆن"ی ئێزیدی لە ناحیەی شەرا.

سێ ساڵە توركیا ناوچەی عفرینی لە رۆژئاوای كوردستان داگیركردوەو بەپێی بەشێك لە ناوەندە جیهانی و لۆكاڵییەكانی بواری مافی مرۆڤ، توركیا لە عفرین دەستی بە پڕۆسەیەكی سیستماتیكی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە كردوە لەنێویشیاندا لە گوندە ئیزیدییەكانی عفرین.

بەپێی راپۆرتێكی حیزبی یەكێتی دیموكراتی كورد لە سوریا ناسراو بە "یەكێتی" كە لەكۆتاییەكانی مانگی نیسانی ئەمساڵدا بڵاوكراوەتەوە، لەدوای داگیركاریی، رێژەی پێكهاتەی كورد لە عفرین لە لەسەدا 95ەوە بۆ لەسەدا 25 كەمی كردوەو زیاتر لە 450 هەزار عەرەب و توركمان هاوردەی ناوچەكە كراون و لەوێ نیشتەجێكراون.

بەپێی راپۆرتەكەی ئەو حیزبە، كوردە ئێزیدییەكان لە عفرین روبەڕوی دو جۆر پاكتاوبونەتەوە ئەوەش بە سەیركردنیان وەك "كافر"و چۆڵكردنی گوندەكانیان و رێگریكردن لە ئەنجامدانی رێوڕەسمە ئایینییەكانیان و تێكدانی پەرستگاو گۆڕستانەكانیان و وتوشیەتی، كوردانی ئێزیدی لە عەفرین لە 20 گونددا دەژیان بەڵام لە ئێستادا تەنیا نزیكەی پێنج هەزار ئێزیدی لە كۆی 25 هەزاریان لە ناوچەكە ماون ئەوەش بەهۆی راگواستن و ئاوارەبونیان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×