لەسەر هێرشكردنە سەر خێزانە كوردەكە، پارێزگاری هەولێر داوای رونكردنەوە لە كونسوڵخانەی توركیا دەكات
  2021-05-14       1493       

دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە، چەند توركێك هێرشیان كردە سەر خێزانێكی گەشتیاری كورد كە بۆ گەشت چوبونە توركیا، لەسەر ئەو روداوە پارێزگاری هەولێر داوای رونكردنەوە لە كونسوڵخانەی توركیا لەهەولێر دەكات و دەشڵێت"کاری لەمجۆرە لەژێر هەر پاساوێک و  بڕو بیانویەک بێت لەلای ئێمە قەبوڵکراو نییە."

ئاوێنە: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ هەینی، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، دوای بڵاوبونەوەی گرتە فیدیۆییەک کە تێیدا خێزانێکی شاری هەولێر، لەلایەن چەند کەسێکەوە لەوڵاتی تورکیا و لەنێوان هەردو شاری (مێرسین و ئەدەنا) بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە هێرشیان دەکرێتەسەرو لێیان دەدرێت، پەیوەندی بەو خێزانەو کەسوکاریان کردو دڵنیایکردنەوە کە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر هێڵ دەبێت بۆ دەستگیرکردنی تاونباران و بەسزاگەیاندنیان.

ئومێد خۆشناو راشیگەیاند"ئێوە کەسوکاری ئێمەن و له‌هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ك بێت کردەوەی لەمجۆرە بەرامبەر بە هاوشاریانی خۆمان قەبوڵناکەین و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین."

پاشان لەبارەی ئەو کەیسەوە پارێزگاری هه‌ولێر، پەیوەندی بە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتیی وڵاتی تورکیا لەهەولێر کردو داوای لێكردن "لەزوترین کاتدا په‌ڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بکرێته‌وه‌و لەڕێگەی یاساوە هۆکاری ئەو پەلاماردان و هێرشکردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەکلابکرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای توندی یاسایی خۆیان بگەیەنن."

ئومێد خۆشناو داواشی لە کونسوڵخانەی گشتیی وڵاتی تورکیا لە هەولێر كردوە، بەفەرمی بۆ ڕای گشتی ڕونکردنەوە بدات و هۆکاری پەلاماردان و هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی ئێمە لەوڵاتەکەیان ڕونبکاتەوە.

ئومێد خۆشناو جەختیشی كردۆتەوە"وەک پارێزگای هەولێر، بەهەمو شێوەیەک کاری لەمجۆرە لەژێر هەر پاساوێک و  بڕو بیانویەک بێت لەلای ئێمە قەبوڵکراو نییەو کارێکی نادروستەو بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین، قەبوڵیشمان نییە لەهیچ شوێنێک هاوشاریانی ئێمە بێڕێزیان بەرابەمبەر ئەنجامبدرێت."

دەقی رونكردنەوەكە...

رونکردنەوەیەک لە پارێزگای هەولێرەوە

دوای بڵاوبونەوەی گرتە فیدیۆییەک کە تێیدا خێزانێکی شاری هەولێر، لەلایەن چەند کەسێکەوە لەوڵاتی تورکیا و لەنێوان هەردو شاری (مێرسین و ئەدەنا) بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە هێرشیان دەکرێتەسەرو لێیان دەدرێت، بەڕێز ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پەیوەندی بەو خێزانەو کەسوکاریان کرد و دڵنیایکردنەوە کە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر هێڵ دەبێت بۆ دەستگیرکردنی تاونباران و بەسزاگەیاندنیان و رایگەیاند"ئێوە کەسوکاری ئێمەن و له‌هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ك بێت کردەوەی لەمجۆرە بەرامبەر بە هاوشاریانی خۆمان قەبوڵناکەین و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین." پاشان لەبارەی ئەو کەیسەوە بەڕێز پارێزگاری هه‌ولێر، پەیوەندی بە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتیی وڵاتی تورکیا لەهەولێر کرد و داوای لێکردن:

یەکەم/ داوا دەکەین لەزوترین کاتدا په‌ڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بکرێته‌وه‌و لەڕێگەی یاساوە هۆکاری ئەو پەلاماردان و هێرشکردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەکلابکرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای توندی یاسایی خۆیان بگەیەنن.

دوەم/ داوا لەکونسوڵخانەی گشتیی وڵاتی تورکیا لە هەولێر دەکەین، بەفەرمی بۆ ڕایی گشتی ڕونکردنەوە بدات و هۆکاری پەلاماردان و هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی ئێمە لەوڵاتەکەیان ڕونبکاتەوە.

سێیەم/ وەک پارێزگای هەولێر، بەهەمو شێوەیەک کاری لەمجۆرە لەژێر هەر پاساوێک و  بڕو بیانیویەک بێت لەلای ئێمە قەبوڵکراو نییەو کارێکی نادروستەو بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین، قەبوڵیشمان نییە لەهیچ شوێنێک هاوشاریانی ئێمە بێڕێزیان بەرابەمبەر ئەنجامبدرێت.

نوسینگەی پارێزگاری هەولێر
2021.5.14

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×