د.بەشیر حەداد: رێگە نادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر هاونیشتمانیانمان
  2021-05-14       513       
د.بەشیر حەداد ده‌ڵێت، "رێگە نادەین دەست درێژی بکرێتە سەر هاونیشتمانیانمان‌و لهرێگای وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدرا‌و باڵێۆزی توركیا بەدواداچوونی جدی بۆ ئەو هێرشە دەکەین لەتورکیا کراوەتە سەر چەند هاونیشتمانییەکی شاری هەولێر."

ئاوێنه‌: نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌مرۆ هەینی، د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوی هێرشکردنەی کە کراوەتە سەر چەند هاونیشتمانییەکی هەولێر لە شاری مێرسین لە وڵاتی تورکیا، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە هەریەک لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و باڵێۆزی عێراق لە تورکیا کرد.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەریەک لە باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا و کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی راگەیاند، پێویستە حکومەتی تورکیا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوە بکات و به زووترین كات کەسانی تاوانبار رووبەڕووی یاسا بکاتەوە و وردەکاری رووداوەکەش بۆ لایەنی عێراقی بخاتەڕوو، داواشی لە باڵیۆزی عێراق لە تورکیا کرد لە رێگەی یاساییەوە بەدوای ئەو کەیسەدا بڕۆن و مافی ئەو هاونیشتمانیانە وەربگرنەوە.

حەداد، راشیگەیاندووه‌، ''پێویستە حکومەتی تورکیا بەدواداچوونی جدی بۆ ئەو رووداوە بکات و رێگە نەدات رووداوێکی دیکەی لەو شێوەیە رووبدات، چونکە ئێمە دوو وڵاتی دراوسێین و پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری و کلتووری و تەنانەت سیاسیش لە نێوانمان دا هەیە، و هەروەک چۆن هاونیشتمانیانی ئێمە سەردانی تورکیا دەکەن، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی تورکیاش لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێڕاق کار دەکەن.''

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×