قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا كۆبوەوە
  2021-05-15       443       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا كۆبوەوەو كۆمەڵێك پرسیان تاوتوێ كرد لەوانەش پرسی گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئەرمینیا كە بڕیارە لە مانگی داهاتودا دەست پێبكات.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكدا نوسینگەكەی، ئەمڕۆ شەممە، لە دوەم رۆژی سەردانەكەیدا بۆ ئەرمینیا، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئارا ئایفازیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبوەوەو لەكۆبونەوەكەدا لەبارەی پەیوەندییە دو قۆڵییەكان و پێشهاتەكانی ناوچە گفتوگۆیان كرد.

هەردولا هاوڕابون لەسەر پەرەپێدانی كاری هاوبەش لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئەرمینیا و لەسەر بارودۆخی كوردانی نیشتەجێی ئەرمینیاش هەڵوێستەیان كرد بەتایبەت ئەو كوردانەی بۆ خوێندن ڕویان لەو وڵاتە كردوە.

لە تەوەرێكیتری كۆبونەوەكەدا تیشك خرایە سەر كۆمەڵگای ئەرمەنی لە كوردستان و بەگرنگییەوە باس لە پرسی گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئەرمینیا كرا كە بڕیارە لە مانگی داهاتودا دەست پێبكات.

هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگی دروستكردنی پەیوەندی بازرگانی و ئاسانكاری پێدانی ڤیزاو كەڵك وەرگرتن لە ئەزمونی ئەرمینیا لە بواری وزە لە هەرێمی كوردستان.

سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆماری ئەرمینیا لەسەر بانگهێشتی فەرمی حکومەتی ئەرمینیایە و سێ رۆژ دەخایەنێت. لەم سەردانەدا هەر یەکە لە دارا رەشید وەزیری پلاندان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران یاوەری جێگری سەرۆک وەزیرانن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×