حکومەتی هه‌رێم بودجەیەک بۆ قەرەبوکردنەوەی جوتیاران تەرخان دەکات
  2021-05-15       367       

وه‌زاره‌تى كشتوكاڵی هه‌رێمى كوردستان ئاشکرای دەکات، بۆ  قەرەبوکردنەوەی جوتیاران بەهۆی وشکەساڵییەوە حکومەت بودجەیەک تەرخان دەکات.

ئاوێنە: حسێن حه‌مه‌كه‌ریم، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، به‌ میدیاكانی پارتی راگەیاند: "سەبارەت بە وشکەساڵی راپۆرتێکی وردمان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کردوە، هەروەها بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانى وشكه‌ساڵى و یارمه‌تیدانى جوتیاران، داواى 18 ملیار دینارمان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردوەو به‌منزیكانه‌ ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ده‌درێت."

رونیشی کردەوە: "ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ یارمه‌تیدانى جوتیارانه‌ له ‌كڕینى په‌یین و بنه‌تۆو پێداویستییه‌كانى دیکەیە."

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش دا"بەهۆی کەمیی بارانبارین، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی دانەوێڵە بەراورد بە ساڵی ڕابردو بۆ نیوە کەم ببێتەو، چونکە ساڵی رابردو جوتیاران زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن بەرهەمی گەنمیان هەبوە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ نیوەی ئەوە ڕێژەیە بێت."

هەروەها رێژین سدیق، بەڕێوەبەرى بەرهەمهێنان و پەسەندکردنى بنەتۆو لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی "یەکێک لەو پێشنیارانەی هەیە دابینکردنى بودجەیەکى تایبەتە بۆ کڕینى بنەتۆو بۆ جوتیاران و پێدانیان بە نرخێکى کەمتر لە بازاڕ."

ئاماژەى بەوەش کرد"جگە لە پێدانى بنەتۆو وەزارەت هەوڵەکانى چڕکردوەتەوە بۆ دروستکردنى پڕۆژەى ئاودێرى بۆ ئاودانى گەنمى جوتیاران لە ناوچە جیاجیاکانى هەرێمی کوردستان، جگە لەمەش پێدانی دەرمانى قڕکەر بە جوتیاران."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×