پرۆسەی خوێندن لە ناو پۆلدا لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە
  2021-05-16       331       
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئایاری 2021، لە هەرێمی کوردستان پرۆسەی خوێندن لە ناو پۆلدا بۆ پۆلەکانی یەکی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی بە میکانزمی دەوامکردنی سێ رۆژ بە سێ رۆژ (تەناوب) دەستیپێکردەوە.

ئاوێنە: بەگوێرەی راگه‌یه‌ندراوی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، بەخێوکارانی قوتابیان سەرپشک کراون لەوەی بیانەوێت منداڵەکانیان بۆ هۆڵەکانی خوێندن نەنێرن و لە رێگەی ئۆنڵاینەوە بەردەوام بن، بەو مەرجەی لە هەفتەی یەکەمدا بەڵێننامە پڕبکەنەوە.

وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە هەموو لایەک پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکان و لە حاڵەتی توشبوون و چارەسەرکردنی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن بە هەماهەنگی نێوان تەندروستی و پەروەردەی پارێزگاکان، بەسەرپەرشتی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت.

ساڵی رابردوو لە مانگی شوباتەوە، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، بە زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانیشەوە داخران و جگە لە پۆلی 12ی ئامادەیی و ئەو خوێندکارانەی تاقیکردنەوەی خولی دووەمیان هەبوو هیچ پۆلێک تاقیکردنەوەی ئەنجامنەدا.

لەمساڵیشدا، خوێندنی سەرجەم ناوەندەکان بە پچڕ پچڕی خوێندراوە و لە دوایین بڕیاریشدا وەزارەتی پەروەردە بڕیاری کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانی دەرکرد، بەگوێرەی وتەی شارەزایانیش ئامانجی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە کە خوێندنی ئەمساڵی نەفەوتێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×