ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان: پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم ھەلی کار بۆ 500 کەس دەڕەخسێنێت
  2021-05-16       502       
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکات و لە مانگی حەوتیشدا دەست بە بەرھەمھێنانی ئارد دەکات، کە ھەلی کار لە یەکەم قۆناغدا بۆ 500 کەس دەڕەخسێنێت.

ئاوێنە: د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان به‌ ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگه‌یاند: پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە چەند رۆژی داھاتوودا دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکات، کە بڕیارە ئەوەی ھەولێر 250 ھەزار ته‌ن وەبگرێت، لە پارێزگاکانی دیکەش پڕۆژەکان جارێ دەستیان بە کار نەکردووە، ئەگەرنا ھەمووی بۆ ھەولێر بێنن، دەبێتە 500 ھەزار ته‌ن، وەرگرتنی گەنمەکەش بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و کۆمپانیا دەبێت، کە بە چ نرخێک دەبێت و نرخەکەش لە بازاڕ گرانتر دەبێت.

وتیشی: "بڕیارە ئەو پڕۆژەیە لە مانگی حەوتدا دەست بە بەرھەمھێنانی ئارد بکات و لە یەکەم قۆناغیشدا دەرفەتی کار بۆ نزیکەی 500 کەس دەڕەخسێنێت لەناو پڕۆژەکەدا، وەک دابەشکردن و گواستنەوە و بریکار و لە دەرەوەش سوودی زۆری دەبێت بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار، بۆیە بەپێی ئەو پڕۆژەیە ھەموو جۆرە دانەوێڵەیەک بەرھەم دێت".

ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەو پڕۆژەیە زۆر سایلۆ لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ چەندین کارگەی بەرھەمھێنانی دانەوێڵە، وەک ئارد و بڕوش و جۆرەکانی دیکە، بۆیە ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە و دەتواندرێت ئارد بۆ نیوەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دابین بکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×