پۆلیسی سلێمانی رۆژنامەنوسێک دەستگیردەکات
  2021-05-16       427       
لەسەر سکاڵایەک کە ناوەڕۆکەکەی ئاشکرانەکراوە، پۆلیسی سلێمانی رۆژنامەنوس ھێمن باقری دەستگیرکرد و بەوتەی دەزگاکەش کە ئەو رۆژنامەنوسە کاری تێدا دەکات پۆلیسی سلێمانی "بەنیازە ڕادەستی پۆلیسی ھەولێری بکات".

ئاوێنە: دەزگای میدیایی دیپلۆماتیک مەگەزین لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە و بەبێ ئەوەی پێشوەخت ئاگاداریان بکەنەوە، هێزێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ھێمن باقر سەرنوسەری دەزگاکەیانی دەستگیرکردوە.

ئاماژە بەوەش دەکەن، پۆلیسی سلێمانی لەبارەی هۆکار و ئەو کەسەی سکاڵای کردوە، هیچ رونکردنەوەیەکی پێنەداون و لەسەر داوایەکی نادیار دەستبەسەرکراوە، هەروەها "پۆلیسی سلێمان بە نیازە ھێمن باقر ڕادەستی پۆلیسی ھەولێر بکەن".

بەگوێرەی ئامارێکی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان، ساڵی رابردو لەهەرێمی کوردستان 385 (سێ سەد و هەشتا و پێنج) پێشێلکاری بەرامبەر 291 (دو سەد و نەوەد و یەک) رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن کراوە، هەروەها لەو ماوەیەدا 30 (سی) حاڵەتی دەستگیرکردن و راگرتن بەدەر لەیاسای رۆژنامەنوسی تۆمارکراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×