سێشەممە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەم بۆ شەش پڕۆژە یاسا دەكات
  2021-05-16       403       

رۆژی سێشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوەو بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ شەش پڕۆژە یاسا دەكرێت، دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسایەك دەدرێت و هەروەها متمانەدان بە سەرۆكی نوێی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان دەخرێتە دەنگدانەوەو پەرلەمانتارێكیش بیرۆكەی خۆی بۆ دۆزینەوەی هەلی كار دەخاتەڕو.

ئاوێنە: دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی سێشەممە 18/5/2021ی ئاشكراكرد كە بڕیارە سەعات 11ی پێشنێوەڕۆی ئەو رۆژە دەستپێبكات.

بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان پێكدێت لە:

یەكەم: دەنگدان لەسەر پاڵاوتنی بەڕیز (منی یوخنا یاقو) بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان-عێراق.

دوەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە، پشت بەستن بەحوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (83) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

1- پڕۆژەیاسای (بەركاركردنی یاسای ڕەسمی پولی عێراقی ژمارە (71)ی ساڵی 2012 لەهەرێمی كوردستان-عێراق).

2- پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت ژمارە (22)ی ساڵی 20211 لەهەرێمی كوردستان-عێراق).

3- پڕۆژەیاسای (بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی هەردوكەرتی تایبەت و تێكەڵاو، ژمارە (20)ی ساڵی 1998ی هەمواركراو لەهەرێمی كوردستان-عێراق).

4- پرۆژەیاسای (هەمواری دوەمی یاسای یەكێتیی ژورەكانی بازرگانی و پیشەسازی لەهەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ى ساڵی 1993).

5- پڕۆژەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەهەرێمی كوردستان -عێراق ژمارە (10)ی ساڵی 2010).

6- پڕۆژەیاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانیی عێراقی ژمارە (30)ى ساڵی 1984 لەهەرێمی كوردستان -عێراق).

سێیەم: ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕِۆژەیاسای یاسای (وەزارەتی كارەبا لەهەرێمی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90، 91، 93، 96، 97) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

چوارەم: خستنەڕوی بیرۆكەی بەڕێز پەرلەمانتار (عبدالستار مجید قادر) پەیوەست بە دۆزینەوەی هەلی كار لەڕێگای بەگەرخستنەوەی كارگەكان) بەپێی حوكمی خاڵی (2)ی بڕگەی (یەكەم) لەماددەی (49)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×