سەرۆكایەتی كۆمار رەتیدەكاتەوە گرفت لەنێوان بەرهەم ساڵح و كازمی دروست بوبێت
  2021-05-16       325       

وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رەتیدەكاتەوە گرفت لە نێوان بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمارو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقدا دروست بوبێت. دەشڵێت، سەردانەكەی چەند هەفتە لەمەوبەری بەرهەم ساڵح بۆ لای لایەنە كوردییەكان لەهەرێم، بۆ ئاگاداركردنەوەیان بوە لە پێشهاتە نوێیەكانی ناوچەكە كە لەمیانی سەردانەكەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتیدا "كۆبونەوەیەكی دورودرێژ"ی ئەنجامداوە.

ئاوێنە: حەسەن جیهاد، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، رایگەیاند"پێش سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، چەند جارێک سەرۆک کۆمار چاوی بە سەرۆکی هەرێم و هۆشیار زێباری کەوتوە، ئەوانیش دەستپێشخەریەکەیان بەلاوە گرنگ بوە.

وتیشی"بەرهەم ساڵح بۆیە هات بۆ هەرێم، پەیوەندی نێوان لایەنەکان پێویستی بەپێداچونەوە و چاککردنە، یەکڕیزی لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، هەروەها هەرێمیشی هاندا بۆ باشکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا."

جەختیشیکردەوە"لایەنەکان هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان پێباشبو، بۆیە دوای هەوڵەکانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم هاتە سلێمانی و لەگەڵ لایەنەکان کۆبووەوە، ئومێد هەیە کۆبونەوەکان بەردەوام بن، تا بگەنە ڕێککەوتن، بەتایبەت پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی ئاسایی بێت باشترە، وەک لەوەی ئێستا."

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار کە بەشداری بەشێک لە دانیشتنەکانی نێوان سەرۆک کۆمار و لایەنەکانی کردوە، ڕونیشیکردەوە"بەتایبەت بەرهەم ساڵح و کاک مەسعود کۆبونەوەیەکی دورودرێژیان ئەنجامدا، لایەنەکانی تریش وەکو: یەکێتی، پارتی، کۆمەڵ و یەکگرتو پشتگیری هەوڵەکانیان کرد، تا پەیوەندی نێوان لایەنەکان ئاسایی بێتەوە."

بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتون، سەرۆک کۆمار بەرپرسانی هەرێمی لە هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی بۆ قۆناغی داهاتو ئاگادارکردوەتەوە، بەڵام وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بەم خاڵە نەکرد، وتی"پێشهات و ڕوداوەکانی ناوچەکە وادەخوازێت کورد یەکهەڵوێست بێت، بەتایبەت دکتۆر بەرهەم نمونەی دوای ساڵی 2003ی هێنایەوە، کاتێک کورد لەبەغدا یەکدەنگ بو، خواستەکانی جێگیربو، دوای هەڵبژاردن گەر شتی تر بێتە پێشەوە، پێویست بەوەدەکات یەکڕیزبین."

هەر بەپێی زانیاری سەرچاوەکانی دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی نێوان سەرۆک کۆمارو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەرچەندە ئاساییە، بەڵام گەرموگوڕیيەکەی جارانی نەماوە، هۆکاری ئەمەش بۆ بادانەوەی کازمی بەلای هەندێک لایەنی شیعە دەگێڕدرێتەوە، بەڵام حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ڕەتیکردەوە گرفت لەنێوان سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیراندا دروست بوبێت، وتی"پەیوەندی نێوانیان باشە، بەردەوام یەکدەبینن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×