مەسرور بارزانی لەبارەی ناوهێنانی كونسوڵخانەكان لە كەیسی سزادراوانی بادیناندا رونكردنەوە بە ئەمریكییەكان دەدات
  2021-05-16       986       

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ یەكشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت لەگەڵ وەفدێكی ئەمریكی باسیان لە كەیسی سزادراوانی بادینان كردوەو مەسرور بارزانی لەكۆبونەوەكەدا وتویەتی"رەفتارە نایاساییەکانی حوکمدراوان و خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانیان، بە هیچ شێوەیەک گومان لە سەر لایەنە دیپلوماسیيەکان دروست ناکات."

ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە وەفدێكی باڵای ئەمەریکی کرد کە پێکهاتبو لە جۆوی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک به‌ وه‌كاله‌ت، ئەیمی کەترۆنا نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا بەوەکالەت، زەهرا بێل بەڕێوەبەری کاروباری سوریاو عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا.

بەپێی راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و سوریاو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کراو وەفدی میوان جەختی لە بەردەوامبونی هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی داعش کردەوە، هەروەها ئاماژە بە گرنگیی کاراکردنی سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەش کرا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق .

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لە تەوەرێکی دیکەدا هەردولا پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی کاری ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕی کە سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان و هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە . لە سەر کەیسی حوکمدراوانی بادیناندا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە بابەتێکی یاساییەو لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت. پشتیوانیی و ڕێز و پێزانینی خۆشی بۆ کاری دیپلومات و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی."

بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە "ڕەفتارە نایاساییەکانی حوکمدراوان و خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانیان، بە هیچ شێوەیەک گومان لە سەر لایەنە دیپلوماسیيەکان دروست ناکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری دیپلوماتکارانی ناو هەرێمی کوردستان، بەرز دەنرخێنێت و هەمو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش دەکات."

ئەوەش لەكاتێكدا كە لە بڕیاری دادگای پێداچونەوەدا بۆ پەسەندكردنی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوسی بادیناندا، ناوی هەردو كونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیا لە هەولێر هاتبو، ئەو چالاكوان و رۆژنامەنوسانە دیداریان لەگەڵیان هەبوەو پارەیان لێ وەگرتون.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، بەپێی راگەیەندراوەكە، تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گرنگیی پابەندبون بە یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سوریا کراو هەردولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبونی گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا کردەوە لە پێناو برەودان بە ئازادی کاری سیاسیی و فرەلایەنی و هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×