هەولێر..مێردمنداڵێك بە ئۆتۆمبێلێكی تانكەری ئاو ژینگەپارێزێكی شێلاو گیانی لەدەستدا
  2021-05-16       614       

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، ئۆتۆمبێلێكی تانكەری ئاو كە مێردمنداڵێك لێخوڕیوە، لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر كۆنترۆڵی لەدەستداوەو لەئاكامدا ژینگەپارێزێكی شێلاوەو بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

ئاوێنە: فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا وتی: سەعات 6ی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ لەسەرشەقامی 120مەتری لەنزیک دەروازەی فڕۆکەخانە، تانکەرێکی ئاوی قورس کە مێردمنداڵێک لێیدەخوڕی بەهۆی تیژڕۆیی کۆنتڕۆڵی لەدەستداو خۆی کێشا بەسیستمی بەرپەرچدانەوەی خێرا کە لەسەری دەروازەکانی 120 مەتری دانراوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەو کاتەش کرێکارێکی ژینگەپارێز کە بەڕەگەز بەنگلادیشییە خەریکی کاری پاککردنەوە بو لەدەروازەکە و تانکەرەکە بەرەو ئاڕاستەی ئەو ڕۆیشت و شێلای، لەئەنجامی ڕوداوەکەش کرێکارەکە هەر لەشوێنی ڕوداوەکە گیانی لەدەستدا، زیانێکی زۆری مادیش کەوتەوە.

بەپێی قسەی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر "لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسەی تانکەرەکەی لێدەخوڕی، دەرکەوت کە هەرزەکارێکەو 18 ساڵی تەواونەکردوە بۆ ئەوەی شیاو بێت بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی تایبەت، کەچی تانکەرێکی لێخوڕیوە کە پێویستە بۆ لێخوڕینی مۆڵەتی گشتی هەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×