لەپێنج رۆژی ڕابردودا 20 ملیۆن دۆلار داهاتی شوێنە گەشتیارییەكانی سلێمانی بوە
  2021-05-16       551       

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار رویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی كردوە كە زۆربەیان خەڵكی ناوەڕاست و باشوری عێراق بون و لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوشدا، 20 ملیۆن دۆلار داهاتی شوێنە گەشتیارییەكان بوە.

ئاوێنە: ئارام شوانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند"بەپێی ئەو ئامارەی لای بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی هەیە، تەنها لە سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار كە زۆربەیان خەڵكی ناوچەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بون، ڕویان لە هەریەكە لە ناوچە گەشتیارییەكانی (دوكان، ئاوێسەر، ئەحمەد ئاوا، زەڵم) لە سنوری پارێزگای سلێمانی كردوە، بۆ ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵی ڕابردو، ڕێژەكە زۆر زیادی كردوە، بە هۆی درێژكردنەوەی پشوەكانی جەژنیش لە عێراق، پێشبینی دەكەین ژمارەی هاتنی گەشتیاران لە چەند رۆژی داهاتودا زیاتریش بەرز ببێتەوە، بۆ ئەوەش ئامادەكاریی پێوست و تەواو لە ناوچە گەشتیارییەكان كراوە، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بەلایەنی خزمەتگوزاریی گەشتیارییەوە هەیە لەم جێگایانە."

ئارام شوانی وتیشی"لە ڕوی جموجوڵی بازرگانی و بوژانەوەی ئابوری و بازاڕ، هاتنی ئەو ڕێژە لە گەشتیار، بێگومان سودی ئێجگار گەورەی هەبوە و هەیە، بۆ نمونە لە ماوەی 5 ڕۆژی راِبردوودا زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار داهاتی كۆی خاوەنكار و شوێنە گەشتیاری و هۆتێل و ڕێستۆرانتەكان بوە لەپارێزگای سلێمانی، بۆیە ئەگەر بێتو بە پلانێكی تۆكمە لە كۆی ئاستە جیاوازەكان كار بۆ بۆ بوژانەوەی شوێنە گەشتیارییەكان بكرێت، ئەوا دەتوانرێت وەك سەرچاوەیەكی سەرەكیی داهات سودی لێ وەربگیرێت، چونكە كەشوهەواو ژینگە و سروشتی كوردستان یارمەتیدەرێكی زۆر باشە لەو ڕوەوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×