2021-05-17   757     
ڕۆژنامەیهكى ئیسرائیلى ڕاپۆرتێکی لەسەر هێرشو ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیلو بزوتنەوەی حەماس لەکەرتی غەززەو کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ئابووریو دارایی ئیسرائیل بڵاوكردۆتهوهو ئاماژهى بهوهداوه، تهلئهبیب ڕۆژانە سەدان ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت.
ئاوێنه: ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی راپۆرتێکی بڵاوكردۆتهوه لەسەر هێرشو ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیلو بزووتنەوەی حەماس لەکەرتی غەززەو کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ئابووریو دارایی ئیسرائیل.
ڕۆژنامەكه دەڵێت:"لەڕووی سەربازییەوە تائێستا ئیسرائیل هەزاران مووشەکی لەڕێگای سیستەمی بەرگری ئاسمانی گومەزی ئاسنینەوە ئاراستەی مووشەکی گرووپە فەڵەستینییەکان کردووە کە نرخی هەریەکێکیان لەنێوان 50 بۆ 80 هەزار دۆلاردایە".
جگە لەوەی سوپا دەبێت خەرجی ئەو حەوت هەزار سەربازە یەدەگە بکێشێت کە لەدوای درووستبوونی گرژییەکانی کەرتی غەززەوە بانگهێشتکراون، سەرباری خەرجی ئەو سەدان هێرشە ئاسمانیانەی سوپای ئیسرائیل ئەنجامیان دەداتو ڕۆژ بەڕۆژیش ڕوو لەهەڵکشانە.
لەو نێوەندەدا، بەپێی شیکردنەوەیەکی بەشی ئابووری یەکێتییە پیشەسازەکانی ئیسرائیل، کەرتی تایبەتی ئەو وڵاتە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە کە ڕۆژانە دەگاتە 180 ملیۆن شیکڵی ئیسرائیلی، واتە 55 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.