شاندێكی كەنەكە سەردانی هەرێم دەكات و یەكڕیزیی لایەنەكان دژی هێرشەكانی توركیا ئامانجیەتی
  2021-05-17       394       

شاندێكی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، دەیەوێت یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەكان دژ بە هێرشەكانی توركیا بۆسەر باشووری كوردستان بێنێتە ئاراوە.

ئاوێنه‌: میدیاكانی نزیكە لە پەكەكە بڵاویانكردەوە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، شاندێكی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – كەنەكە سەردانی باشووری کوردستان بكات، زەینەب موڕاد هاوسەرۆکی کەنەکە سەرۆکایەتیی شاندەكە دەكات، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دیدار و کۆبوونەوەکانیان دەکەن.

شاندەکە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراو و توێژە جیاجیاكانی باشووری کوردستان كۆدەبێتەوە، هێرشەكانی توركیا تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكان دەبێت، كەنەكە مەبەستیەتی یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەكانی باشوور لەبارەی ئەو هێرشانەوە بەدیبێت، بەتایبەت دوای فراوانتربوونی هێرشەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین.

میدیاكانی پەكەكە وا وەسفی سەردانەكەیان كردووە، كە “لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کەنەکەدا دەبێت بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد”، هیچ ئاماچەیەكیش بەو لایەن و بەرپرسانەی هەرێم نەكراوە كە شاندەكە لەگەڵیان كۆدەبێتەوە.

پێشتریش و لە سەرەتای دەستپێكی هێرشەكانی توركیا بۆسەر باشووری كوردستان و هەروەها مەترسییەكانی ئەگەری دروستبوونی گرژی لەنێوان پەكەكە و پارتی، شاندێكی دیكەی كەنەكە بە سەرۆكایەتیی مستەفا قەرەسووسەردانی باشووری كوردستانی كرد، لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، داوای یەكڕیزیی لایەنەكانی كرد، دژایەتییكردنی ئەگەری شەڕی كورد-كوردیان دووپاتكردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×