لە سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێ بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە درا
  2021-05-17       529       
لە سلێمانی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگەو سروشتی ناوچەكە دەگیرتەبەر و قائیمقامی شارەكەش دەڵێت ھەر كەسێك پابەند نەبێت رووبەرووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە 17 ئایاری 2021, لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە ئامانجی پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگەو سروشتی ناوچەكە، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی كۆبوەوە و رایگەیاند: بەھەوڵی دامەزراوەكانی حكومەت و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و رێكخراوەكان لە سلێمانی لە ماوەی چەند مانگی رابروودا، رووبەرووی ٨٠٠ دۆنم زەوی سەوز كراوە و نزیكەی ١٠٠ ھەزار نەمام لە چیاكە رووێنراوە ئەمە جگە لەو ھەزاران دارەی كە خۆی لە چیاكەدا ھەیە، لە كۆبوونەوەكەدا، دوای ھەڵسەنگاندن و تاوتوێكرنی بژاردەكان بۆ پاراستنی چیاكە بڕیاری جێبەجێ كردنی ئەم خاڵانە درا و قائیمقامی سلێمانیش رایگەیاند ھەر كەسێك پابەند نەبێت رووبەرووی رێكارو سزای یاسایی دەكرێتەوە.

١.لەزووترین كاتدا دەست دەكرێت بە ئاگر بڕ بۆ پاراستنی ئەزمڕ و گۆیژە بە ئامانجی رێگریكردن لە ئاگركەوتنەوە و زیان گەیاندن بە دارو ژینگەی چیاكە.
٢.كۆشك و خواردنگەكانی سەرچیاكە پێویستە مۆڵەتی رێگەپێدانی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانیان ھەبێت و پابەند دەكرێن بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن .
٣. مانەوەی گەشتیار و ھاوڵاتی لە شەواندا تاكو بەیانی و خەوتن لە چیاكە قەدەغەیە.
٤.ئاگركردنەوە لەسەر چیاكە بەھەموو شێوەیەك قەدەغەیە.
٥.تیمەكانی بەرگری شارستانی لە ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ رێگری لە سوتانی چیاكەو ئەگەری ئاگر كەوتنەوە.
٦.تیمی ھێزە ئەمنییەكان لە ئاسایش و پۆلیس و ھاتووچۆ بڕیارەكان جێبەجێ دەكەن.
٧.داوا لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكەین لە بڵاوكردنەوەی ھەڵمەتێكی فراوانی ھۆشیاركردنەوە بۆ پاراستنی ژینگەو سروشتی شوێنە گەشتیارییەكانی سلێمانی ھاوكارمان بن .

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×