مەحمود محەمەد: پارتی هەوڵی نەداوە یەکێتی تەسلیمی ئیرادەی خۆی بكات
  2021-05-17       430       


وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پارتی هەوڵی نەداوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان تەسلیمی ئیڕادەی خۆی بكات، بەڵكو هەوڵی داوە یەکێتی و هەمو لایەنەكانی دیکەی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی تەسلیمی ویستی گەلی كوردستان بن و رێز لە پرۆسەی هەڵبژاردن و  ئاكامی دەنگدانی خەڵك بگرین و دیموكراسیەت تەنیا دروشم نەبێت.

ئاوێنه‌: مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نوسینێکدا بە ناونیشانی "غرور یا ملكەچكردن بۆ ئیرادەی جەماوەر" نوسیویەتی، "مەغرور بون كاتێك دروست دەبێت كە كەسێك یا لایەنێك لەناكاو دەرفەتێكی كاتی بۆ دروست بێت و قەبارە و توانا و رابردوی خۆی نەزانی، پارتی تازە نییە كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان پشتیوانی لێ‌ كردوە و بە هەمو چین و توێژەكانیشەوە بەنوێنەری خۆیانیان زانیوە، پارتیش لە فكر و لە كردەوەدا ھەر خۆی بەنوێنەری ئەو خەڵکە و هەمو چین و توێژەكان زانیوە و قەبارە و توانای خۆی لەهەمو قۆناغەكاندا رەچاوكردوە هەتا قەبارە و توانای دوژمن و منافسەكانی خۆیشی لەبەرچاو گرتوە، بۆیە هەڵبەزودابەزی لە ستراتیژیەتی خۆیدا پەیڕەو نەكردوە و هیچ كاتێكیش ستراتیژیەتی نەكردۆتە قوربانی تاكتیك و جێگۆڕكێی پێ‌ نەكردوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆیە پارتی تەنیا بە 45 كورسی پەرلەمانی كە دەنگی خەڵكی كوردستانی لەپشتەوەیە لەبەرچاو نیە، ئەوەندەی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەرچاوە، كاتێك حزبێك خۆی بۆ بەرگری  لە ماف و ئازادی گەلەكەی تەرخان دەكات دەبێ‌ بۆ پاراستنی دەسكەوت و دامەزراوەكان كە بە خوێن و خەبات بەدەست هاتون وەكو خاوەن رەفتار بكات.

مەحمود محەمەد باسی لەوەشکردوە، "پارتی هەوڵی نەداوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان) تەسلیمی ئیڕادەی خۆی بكات، بەڵكو هەوڵی داوە یەکێتی و هەموو لایەنەكانی دیکەی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی تەسلیمی ویستی گەلی كوردستان بن و رێز لە پرۆسەی هەڵبژاردن و  ئاكامی دەنگدانی خەڵك بگرین و دیموكراسیەت تەنیا دروشم نەبێت".
 ئەگەر پارتی بە 45 كورسیەكەی مەغرور بوایە، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان ئەو ماوە زۆرە چاوەڕوانی نەدەكرد
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەگەر پارتی بە 45 كورسیەكەی مەغرور بوایە، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان ئەو ماوە زۆرە چاوەڕوانی نەدەكرد و، مەسرور بارزانی لەگەڵ یەك بە یەكی لایەنەكان كۆنەدەبوەوە بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، بەڵكو بە زۆرینەی پەرلەمانی كابینەكەی پێك دەهێنا.

رونیشیکردوەتەوە، "پارتی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە زۆرینە بوە و بۆ ماوەیەكی دورودرێژیش بەتەنیا سەركردایەتی شۆڕشی كردوە بۆ بەدەستهێنانی مافەڕەواكانی گەلەكەی و، تەنیا لایەنی رووتێكراوی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراقیش بووە بۆ چارەسەری كێشەی کورد و كوردستان، لە دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و، هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقیش هەر زۆرینەی دەنگی خەڵكی كوردستانی بەدەست هێناوە و لایەنی سەرەكی روتێكردنی وڵاتان بوە".

مەحمود محەمەد هەروەها دەڵێت، "لەم سەردەمی پێشکەوتن و فرە مینبەریەدا لێدوان زۆر و ئاسانن، بەڵام ئەو كاتە لێدوان سودی دەبێ كە لەبەرژەوەندی تەبایی و پڕكردنەوەی درزەكانی یەكڕیزی كۆمەڵگە دا بێت و مانای چەمكەكانی (غرور) و (ملكەچ كردن بۆ ئیرادەی جەماوەر)یش وەك خۆیان تەعریف بكرێن و تێكەڵاو نەكرێن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×