كونسوڵخانەی ئەمریكا: پێشوازی لە رونكردنەوەی حكومەتی هەرێم دەكەین كە كۆبونەوە لەگەڵ دیپلۆماتكاران تاوان نییە
  2021-05-17       491       

كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر رایگەیاند، پێشوازی لە رونكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن كە "كۆبونەوە لەگەڵ دیپلۆماتكاران تاوان نییە"، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ لەكۆبونەوەیەكی نێوانیاندا، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەفدێكی باڵای ئەمریكا تاوتوێی كەیسی سزادراوانی بادینانیان كرد.

ئاوێنە: كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك بە ئاماژەدان بە راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم لەبارەی كۆبونەوەی دوێنێی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەفدێكی باڵای ئەمریكا، رایگەیاندوە"پێشوازی لە جەختکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین لە پاڵپشتی تەواوی بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕێزگرتن لەو کارە گرنگانەی کە دیپلۆماتکاران دەیکەن لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و خەڵکی تر بۆ پاڵپشتیکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا و ھەروەھا ڕونکردنەوەی حکومەتی ھەرێم کە کۆبونەوە لەگەڵ دیپلۆماتکاران تاوان نییە."

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە وەفدێكی باڵای ئەمەریکی کرد کە پێکهاتبو لە جۆوی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک به‌ وه‌كاله‌ت، ئەیمی کەترۆنا نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا بەوەکالەت، زەهرا بێل بەڕێوەبەری کاروباری سوریاو عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم لە بەشێكی كۆبونەوەكەدا "هەردولا پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی کاری ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕی کە سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان و هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە. لە سەر کەیسی حوکمدراوانی بادینان، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە بابەتێکی یاساییەو لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت. پشتیوانیی و ڕێز و پێزانینی خۆشی بۆ کاری دیپلومات و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی."

بەپێی راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم، سەرۆکی حکومەت لەكۆبونەوەكەدا جەختی کردەوە کە "ڕەفتارە نایاساییەکانی حوکمدراوان و خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانیان، بە هیچ شێوەیەک گومان لە سەر لایەنە دیپلوماسیيەکان دروست ناکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری دیپلوماتکارانی ناو هەرێمی کوردستان، بەرز دەنرخێنێت و هەمو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش دەکات."

ئەوەش لەكاتێكدا كە لە بڕیاری دادگای پێداچونەوەدا بۆ پەسەندكردنی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوسی بادیناندا، ناوی هەردو كونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیا لە هەولێر هاتبو كە ئەو چالاكوان و رۆژنامەنوسانە دیداریان لەگەڵیان هەبوەو پارەیان لێ وەگرتون.

 


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×