85 دادوەر نەخشەڕێگای چاكسازی لە دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمدا رادەگەیەنن
  2021-05-17       356       

85 دادوەرو داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان نەخشەڕێگایەك بۆ چاكسازی لە دەسەڵاتی دادوەریدا رادەگەیەنن كە تێیدا 14 پێنشیاریان خستۆتەڕو ئەوەش وەك پاڵپشتیان بۆ پاراستنی شكۆو پێگەی دەسەڵاتی دادوەری لەنێو هەر سێ دەسەڵاتەكەی هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: ئەو دادوەرانە لە نەخشەڕێگاكەیاندا كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی دادوەری، پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردوە، لە پێشنیاری یەكەمیاندا داوایان كردوە، بۆ ئەوەی سنوری دەسەڵاتی هەر سێ دەسەڵاتەكە رون بێت و یاسا سەروەر بێت، پێویستە لەم خولەی پەرلەماندا پڕۆسەی ئامادەكردنی دەستورو ئەنجامدانی راپرسی لەلایەن هاوڵاتیانەوە تەواو بكرێت و ئەنجام بدرێت.

لە خاڵیكی دیكەدا داوایان كردوە"یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە 23ی ساڵی 2007 هەموار بكرێتەوە بەو ئاڕاستەیەی كە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری پێگەی وەك سەرۆكی دەسەڵات و هاوشێوەی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردن بپارێزرێت و دەستكاری پەیكەری ئەنجومەنی بكرێت."

یەكێكی دیكە لە داواكارییەكانیان ئەوەیە كە "رەشنوسی یاسای سەرپەرشتیاری دادوەری لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە ئامادە بكرێت و رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بەمەبەستی دەرچواندنی و ئەندامیەتی ئەنجومەنی دادوەریش تەواو بكرێت بە ئەندامبونی سەرۆكی سەرپەرشتیاری دادوەری."

هەروەك پێشنیاریان كردوە "دەزگای داواكاری گشتی یاسایەكی تۆكمەی باشی بۆ دەرچوێندرێت و سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕی ئەم دەزگایە فەراهەم بكرێت."

ئەو دادوەرانە داواشیان كردوە كە سیستمی لێكۆڵینەوە گۆڕانكاری بەسەردا بكرێت و ناكرێت لەساڵی 2021 بژین و بەهەمان سیستمی لێكۆڵینەوەی ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكان لێكۆڵینەوە لە تاوانەكان ئەنجام بدرێت.

لە خاڵێكی دیكەدا ئەوەیان خستۆتەڕو كە بۆ زامنكردنی زیاتری سەربەخۆبونی دەسەڵاتی دادوەری پێویست دەكات ئەم دەسەڵاتە بودجەی تایبەت بەخۆی هەبێت.

هەروەها داواشیان كردوە، پەیمانگای دادوەری لە هەرێم لە وەزارەتی داد جیابكرێتەوەو بخرێتە سەر ئەنجومەنی دادوەری.

لە نەخشەڕێگاكەی ئەو دادوەرانەدا ئەوەش هاتوە: بەمەبەستی كۆنترۆڵكردن و رێگەگرتن لە قاچاخچییەتی لە دەروازە سنورییەكان پێویستە گرنگی تایبەت بدرێت بە دادگاكانی گومرگی لە پارێزگاكانی هەرێم ئەوەش بە دابینكردنی شوێنی گونجاو و دادوەرو لێكۆڵەری بەتواناو پێشخستنی شێوازەكانی لێكۆڵینەوەو باشتر وایە ئەم دادگایانە لەنێو دەروازە سنورییەكان بكرێتەوە.

هەروەها بە پێویستیشیان زانیوە "بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دادوەری دابمەزرێت."

وتوشیانە"لەبەرئەوەی سەرچاوەی هەر سێ دەسەڵاتەكە گەل و خەڵكە بۆیە پێویستە دەسەڵاتی دادوەری هاوشێوەی هەردو دەسەڵاتەكەی تر لە پڕۆسەی دیموكراسی و ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی باڵای ئەم دەسەڵاتە بەدور نەبێت. داواكارین پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆكی دادگاكانی تێهەڵچونەوەو سەرۆكی داواكاری گشتی و سەرۆكی سەرپەرشتیاری دادوەری بەپێی سیستەمێكی تایبەتی هەڵبژاردن یەكلایی بكرێنەوەو دیاری بكرێن و تەنها بۆ دو خولی لەدوای یەك بێت."

 

 

 

 

 

 


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×