عەلی حەمەساڵح داوای پشتیوانی بۆ پڕۆژەیەك لەسلێمانی دەكات كە یەك ملیار دۆلار داهاتی دەبێت
  2021-05-17       556       

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان داوای پشتیوانی بۆ پڕۆژەیەك دەكات كە لەساڵی 2007 لەسەر رێگای عەربەت-سلێمانی و لەسەر روبەری 22 هەزار دۆنم زەوی دیزاین كراوەو بەقسەی ئەو زیاتر لە یەك ملیار دۆلار داهاتی دەبێت و 50 هەزار هەلی كاریش دابین دەكات بەڵام "ئاستەنگ" لەبەردەم جێبەجێكردنیدا هەیە.

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ دوشەممە، داوای لە "دڵسۆزانی شاری سلێمانی" كردوە پشتیوانی پڕۆژەی شاری "بیست بیست" بكەن كە لە ساڵی 2007 لەسەر رێگای عەربەت-سلێمانی لەسەر روبەری 22 هەزار دۆنم زەوی دیزاینی بۆ كراوەو وتویەتی"پشتیوانی ئەم پڕۆژەیە گەورەترین خزمەتی سلێمانی دەكات."

پڕۆژەكە كە شارێكی هاوچەرخ بە خزمەتگوزاری و بازرگانی و پیشەسازییە، بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە "ئەو پرۆژە گەورەیە زیاتر لەیەک ملیار دۆلار داھاتی دەبێت و 50 ھەزار ھەلی کار دابیندەکات و زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری ساڵانە جوڵەی بازرگانی و داھاتی وەبەرھێنان دروستدەکات."

عەلی حەمەساڵح كە ئەمڕۆ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکاری ئەو پرۆژەیەو چەند بابەتێکی دیکە لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ژوری بازرگانی کۆبوەتەوە، وتوشیەتی"بەدڵنیایی ئەم پرۆژەیە لە چەندین روەوە سلێمانی دەباتە قۆناغێکی تر."

هەروەك وتوشیەتی"ئەم پرۆژەیە تەرخانکردنی ھیچ بڕە پارەیەکی پێویست نییەو دیمەنێکی زۆر جوان دەبەخشێتە سلێمانی وەک شارێکی مۆدێرن. زیاتر لە یەک ملیار دۆلار داھات بۆ خەزێنەی گشتی سلێمانی پەیدادەکات (پلانی تۆکمە بۆ شێوازی دەستخستنی ئەم داھاتە ھەیە.)، نزیکەی 50 ھەزار ھەلیکار دروستدەکات و بەردەوام لە زیادبونە. ساڵانە سێ ملیار دۆلار بۆ جوڵەی بازرگانی و داھاتی ناوخۆی کەرتی تایبەت زیاددەکات. سلێمانی دەبێتە ناوندێکی گەورەی پیشەسازی و بازرگانی لە عێراق."

پەرلەمانتارەكە باسی لە ئاستەنگی بەردەم پڕۆژەكە كردوەو وتویەتی"22 ھەزار دۆنم زەوی لە ڕێگای سلێمانی عەربەت بۆ ئەم پرۆژە ستراتیژیە تەرخانکراوە. چەندین کەس پلانیان ھەیە بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی و ناشرین بیکەنە مەخزەن و جەمەلۆن و شتی دیکە بۆ کۆکردنەوەی داھاتی ناشەرعی، وەک ئەو مەخزەن و گۆڕەپانە تەجاوزانەی ئێستا کراون."

عەلی حەمەساڵح جەختی كردۆتەوە كە "لەگەڵ بەرپرسان و بڕیاربەدەستاندا ھەمو ھەوڵێک دەدەین ئەم خزمەتە گەورەیە بەم شارە بکرێت."


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×