2021-05-18   887     
ئیسماعیل هەنیە لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی داوای کردووە کە دەستوبرد کار بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بکات لە ڕێگەی وڵاتانی ئیسلامیی و عەرەبییەوە.
ئاوێنە: ڕاگەیەندنەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەب سیاسیی حەماس نامەیەکی نوێی بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئاینی ئێران نووسیەوە و داواکارییەکی بەپەلەی پێشکەشکردووە.
بەپێی ئەو ڕاگەیاندنانە، هەنیە لە نامەکەیدا، دۆخی غەزە و هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ خامنەیی ڕوون کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە حەماس لە ڕێگەی وڵات و لایەنە جیاوازەکانەوە هەوڵێداوە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، بەڵام ئەنجامی نەبووە.
هەنیە هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بە شەو و بە ڕۆژ دژی غەزە بەردەوامە و داوایکردووە: پێویستە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، ڕێبەری حکومەتی ئێران، جوڵەیەکی بەپەلە بکات، بۆ جوڵاندنی هەڵویستێکی ئیسلامی، عەرەبی و نێودەوڵەتی، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی غەزە.
گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل زیاتر لە هەفتەیەکە دەستیپێکردووە، بەڵام عەلی خامنەیی کە هەمیشە پشتگیریی لە فەلەستین دەکات، ئەمجارە بێدەنگیی هەڵبژاردووە و تا ئێستا هەڵویستێکی بەرامبەر ئەو هێرشانە نەبووە، کە سەدان کوژراو و برینداری لێکەوتەووەتەوە.
هەرچەند عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری خامنەیی لە کاروباری نێودەوڵەتی، بەمدواییانە لە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهادی ئیسلامی و حەماس، لەگەڵ پشتیوانی لە هێرشە مووشەکییەکانیان بۆسەر ئیسرائیل، بەڵێنی داوبوو کە بەمزووانە نوێژی جەماعە بە پێشنوێژیی عەلی خامنەیی لە مزگەوتی قودس (مسجدالاقصی) بکرێت.