کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: لە هەرێم ، پێویستمان بە 40 هەزار کارمەند دەبێت
  2021-05-18       285       
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویستمان بە 40 هەزار کارمەند دەبێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکەن.
 
ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئایاری 2021، حوسێن رەقیب، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگه‌یاند "ئێمە لە بۆ هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێویستمان بە 40 هەزار کارمەند دەبێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکەن."
 
ده‌شڵیت" لە پارێزگای هەولێر پێویستمان بە 14 هەزار کارمەند دەبێت، لە پارێزگای سلێمانی پێویستمان بە 16 هەزار کارمەند و لە پارێزگای دهۆکیش 10 کارمەندمان دەوێت."
 
بڕیارە 10ـی ئۆکتۆبەری 2021، هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، تێیدا 329 بەربژێر لەنێو زیاتر لە سێ هەزار بەربژێر کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە تۆمارکردووە، هەڵدەبژێردرێن.
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، "ئەو کارمەندانەی ناویان دەردەچێت و وەردەگیرێن بۆ ماوەی سێ تاوەکو چوار رۆژ مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت، هەروەها ئەوان پێشتر بەڵێننامە پڕدەکەنەوە کە نابێ سەر بە لایەنی سیاسیی بن و هەروەها پابەندی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بن."
 
ئەو کەسانەی دەیانەوێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناوی خۆیان بۆ کارمەندی کۆمیسیۆن تۆماربکەن، دەبێت فەرمانبەری حکومەت بن، یان لانیکەم بروانامەی ئامادەییان هەبێت، یاخود خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگەکان بن و تەمەنیان لە 19 ساڵ کەمتر نەبێت.
 
ئەوانەشی دەیانەوێت خۆیان تۆماربکەن دەتوانن لەرێگەی ئەم وێبسایتەوە لە رێککەوتی 23ـی ئایار تاوەکو 1ـی ئابی ئەمساڵی 2021 خۆیان تۆماربکەن: www.ihec.iq

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×