حکومەت رەزامەندی داوە لەسەر فرۆشتنی چەند زەویەکی گرانبەهای کەلار
  2021-05-18       417       
پەرلەمانتارێکی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری فرۆشتنی چەند زەوییەکی گرانبەهای قەزای کەلاری پەسەندکرد کە پارەکەی لە خزمەتگوزاریدا بەکاردەهێندرێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی ئایار، عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پۆستێکدا لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاند:" چەند زەویەکی نایاب لە کەلار ھەیە، لە بری ئەوەی بە ناڕەوا بدرێتە چەند کەسێک، ده‌بوایه‌ بە کێبرکێ و بەپێی ماستەر پلانێکی شایستە بفرۆشرێت و پارەکەی بۆ خزمەتگوزاری ناوچەکە بێت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت پێشنیارەکەی پەسەندکرد، وتی خۆتان لەگەڵ بەرپرس و بەڕێوبەرەکانی گەرمیان کۆببنەوە، لە دیاریکردنی زەوی و فرۆشتنی و خەرجکردنی پارەکەی چیتان پێباشە وابکەن".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵیت" پەسەندکردنی ئەم بڕیارە لە چەند ڕۆژی ئایندەدا لەلایەن سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەکرێت کە لە ھەمان کاتدا سەرۆکی لیژنەی باڵای ئابوریە".

لە درێژەی قسەکانیشیدا روونی دەکاتەوە" بۆ ئەوەی داھاتی ئەم زەویانە بۆ خزمەتگوزاری ناوچەکە خەرجبکرێت قسەمان لەگەڵ جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کردوە و رەزامەندیمان وەرگرتوە".

عەلی حەمە ساڵح ئاماژە بەوەش دەدات:" ئەمڕۆ بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسە لەگەڵ سەرپەرشتاری ئیدارەی گەرمیان و سەرجەم بەڕێوبەرەکان و نوێنەری جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبوینەوە، بڕیارە پلانێکی تەواو بۆ دیاریکردنی زەویەکان و میکانیزمی فرۆشتن و خەرجکردنی پارەکەی بۆ خزمەتگوازی دابندرێت، لە سەرجەم ھەنگاوەکانی ئەم پڕۆسەدا ئامادە و چاودێر دەبین بۆ ئەوەی شەفافانە بەڕێوەدەچێت".

لە کۆتایی قسەکانیشیدا، عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند" لە چەند ڕۆژی ئایندەدا لیستی زەویەکان لە لایەن ئیدارەی گەرمیانەوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی دەنێردرێت بۆ سەرۆکی حکومەمەتی ھەرێمی کوردستان، بەم ھەنگاوە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ گەرمیان تەرخاندەکرێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×