2021-05-23   605     
سەرۆک کۆمارى پێشووى ئێران و کاندیدی هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەردەوامە لە ناڕەزایەتیەکانى بەرامبەر دەسەڵاتدارانى وڵاتەکەى و ڕاشیگەیاند، ئەوەى ڕەخنە لە ڕژێم و بەرپرسانى ئێرانى بگرێت ئەوا دەیخەنە زیندانەوە.
ئاوێنه: ماڵپەڕی ئێران ئەنتەرناشیوناڵ بڵاویکردەوە، مەحمود ئەحمەدى نەژاد کە جارێکى تر خۆى بۆ پۆستى سەرۆکایەتى وڵاتەکەى کاندید کردووە لە گروپێکى "کڵەپ هاوس"دا ڕایگەیاندووە، هەموو بژاردەیەک لەبەردەم خەڵکدا سنوردار کراوە و ئەوەشى ڕەخنە لە ڕژێمەکە و بەرپرسانى بگرێت ئەوا دەخرێتە زیندانەوە.
نەژاد ئەوەشى پرسیووە ئیدى ئێوە چۆن دەتوانن بەرگرى لە وەها دۆخێک بکەن؟
ئێران ئەنتەرناشیوناڵ ئەوەشى بیرهێناوەتەوە، پێشتر و لەکاتى قەڵەمڕەوییەکەیدا، ئەحمەدى نەژادى مافى ئازادییەکانى لەوڵاتەکەیدا بەنزیک لەئازادییەکى ڕەها وەسفکردووە.
ئەحمەدى نەژاد لەدوو خولدا کە کۆتاییەکەى ساڵى 2013 بوو وەکو سەرۆکى کۆمارى هەڵبژێردراو لەدواى دووەمجار هەڵبژاردنەوەى شەپۆلێکى بەرفراوانى ناڕەزایەتى و خۆپیشاندان لەئێراندا لەساڵى 2009 بەو هۆیەوە دەستى پێکرد و نەیارە سیاسیەکانى بەوە تۆمەتباریان دەکرد ساختەکارى لەهەڵبژاردنەکەدا لەبەرژەوەندى ئەو کراوە ئەگینا شکستخواردووى پڕۆسەکە بووە.