ئێران بۆ هەڵگرتنی ڤیزا چاوەڕێی عێراق دەکات
  2021-05-26       483       
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران و بەغدا ئامادەییان هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان و حکومەتی وڵاتەکەی ئەگەر لایەنی عێراقیش ئامادەبێت، ئامادەیە هەمو جۆرە ڤیزایەک هەڵبگرێت.

ئاوێنە: رەسول موهاجر، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لەبەغدا لەگەڵ بەشێک لەبازرگانانی عێراق و ئێران کۆبوەوە و رایگەیاند، تاران ئامادەیی هەیە پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەکانی لەگەڵ عێراق بەرەوپێش بەرێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەدواین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران بڕیاردراوە ئەگەر لایەنی عێراقیش ئامادەبێت، هەمو جۆرە ڤیزایەک لەسەر بازرگانان و هاوڵاتیان هەڵدەگیرێت و ئەوەش کارئاسانی دەبێت بۆ هاتوچۆ و زیادبونی جوڵەی گەشتیاری.

پرسی هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان عێراق و ئێران ماوەی دو ساڵە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و هۆکارەکەشی بۆ بەرژەوەندی هەردو وڵات و زیاترکردنی جوڵەی گەشتیاری و بارزگانی دەگەڕێندرێتەوە، بەتایبەت هاتوچۆی گەشتیاران و هاوڵاتیانی نێوان هەردو وڵات ساڵانە بۆ ملیۆنان کەس بەرزبوەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×