بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سوریا ناكات
  2021-05-26       319       
ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سوریا بەڕێوەدەچێت، بەشار ئەسەدی سەرۆك و دوو كاندیدی دیكە كێبڕكێی بردنەوەی هەڵبژاردنەكە دەكەن، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر بەشداریی هەڵبژاردنەكە ناكەن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ لیژنەی باڵای دادوەریی بۆ هەڵبژاردنەكان بڵاویكردەوە، دەرگای ناوەندەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سوریا كراونەتەوە و دەستكراوە بە پرۆسەی دەنگدان.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكە ئاشكرایكردبوو، نزیكەی 18 ملیۆن كەس مافی بەشداریكردنیان لە پرۆسەكە هەیە، بەڵام هەر زوو بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕەتیكردبووەوە بەشداری هەڵبژاردنەكە بكات و لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیدا پرۆسەكە بەڕێوەناچێت، بۆیە ژمارەیەكی كەمتر لە هاوڵاتیان بەشداریی پرۆسەكە دەكەن.

بەوتەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سوریا “سانا”، لەگەڵ كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی دەنگدان، دەنگدەرێكی زۆر ڕوویانكردووەتە ناوەندەكان بۆ دەنگدان.

لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سوریادا، هەریەك لە بەشار ئەسەد سەرۆكی ئێستای سوریا، عەبدوڵڵا سەلوم عەبدوڵڵا كەسایەتیی سیاسی، هەروەها مەحمود مەرعی، كە یەكێكە لە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناوخۆی سوریا، كێبڕكێی بردنەوەی هەڵبژاردنەكە دەكەن، بەڵام هەموو پێشبینییەكان بەرەو ئەوەن، ئەسەد چانسی بردنەوەی لەوانی دیكە زۆر زیاترە.

لەساڵی 2011 و هەڵگیرسانی شۆڕش و دواتر پەڕینەوەی بۆ شەڕ و ئاڵۆزی، ئەمە دووەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە لە سوریا بەڕێوەبچێت.

ئەگەر ئەسەد سەركەوتن بەدەستبێنێت، بۆ ماوەی چوارەم دەبێتەوە بە سەرۆك و ئەم ویلایەتەی 7 ساڵ دەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×