ئەندامێکی لیژنەی دارایی مەرجی بەغدا بۆ ناردنی پشكى هه‌رێم لە بودجە ئاشکرا دەکات
  2021-05-26       798       
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەی گشتییدا، گرێدراوە بە جێبەجێکردنی چوار بڕگەی یاساکە، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، "پێویستە ھەرێم، چوار برگەکە جێبەجێ بکات".

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 26ى ئایارى 2021، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، "چوار برگە لە یاسای بوودجەی گشتیی 2021دا ھەن، ئەگەر جێبەجێی کران، ئەوا پشکی ھەرێم لە بوودجەی گشتییدا رەوانە دەکرێت".

جەمال کۆچەر ئاشکرایکرد، "بڕگەی یەکەم و دووەم تایبەتن بەوەی کە پێویستە ھەرێمی کوردستان، 250 ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و نیوەی داھاتەکانی نا نەوتی رادەستی ناوەند بکات، بڕگەی سێیەمیش ئەوەیە، لیستی تایبەت بە ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێم رادەست بکرێت و بڕگەی چوارەمیش ئەوەیە رێگە بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیی بدرێت کە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم وردبینی لە ھەژمارەکانی ھەرێم لە ساڵی 2003وە تا ئێستا، بکات".

جه‌مال كۆچه‌ر دوپاتیشیكرده‌وه‌، "ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتییدا، گرێدراوە بەجێبەجێکردنی ئەو چوار بڕگەیە و پێویستە شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا بکات و رایبگەیەنێت کە حکوومەتی ھەرێم ئامادەییە ئەو بڕگانە جێبەجێ بکات".

وابڕیاره‌ به‌مزوانه‌ شاندى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا بكات بۆ تاوتوێكردن و چۆنیه‌تى ناردنى پشكى هه‌رێم له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×