رۆیتەرز: فەرماندەكەی حەشد لەسەر تێوەگلانی لە هێرشەكانی سەر بنكەی عەین ئەسەد دەستگیركراوە
  2021-05-26       918       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، قاسم موسڵیح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار، دەستگیركرا، ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویكردەوە كە ناوبراو لە پەیوەست بە هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد دەستگیركراوە كە هێزەكانی ئەمریكا لەخۆدەگرێت.

ئاوێنە: ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویكردۆتەوە كە قاسم موسڵیح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار بەپێی یاسای دژە تیرۆر دەستگیركراوە.

دوان لەو سەرچاوە ئەمنیانە بە ئاژانسەكەیان وتوە، قاسم موسڵیح لە بەغدا بە تۆمەتی تێوەگلانی لە چەند هێرشێك لەوانەش هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، دەستگیركراوە كە ئەو بنكەیە هێزەكانی ئەمریكاو چەند هێزێكی دیكەی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت.

لانیكەم لەم مانگەدا دو جار بە موشەك هێرشكراوەتە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.

هەواڵەكەی رۆیتەرز لەكاتێكدا كە ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنییەوە، وتبوی، دەستگیركردنی قاسم موسڵیح بە تۆمەتی كوشتنی چالاكوانانە.

ئەمڕۆش شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەدابو كە قاسم موسڵیح بەپێی یاداشتی دادگاو بەگوێرەی ماددەی 4ی یاسای تیرۆر بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركراوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق جەختی كردبوەوە كە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ناوبراو بەردەوامە لەلایەن لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هاوبەشەوە سەبارەت بەو تۆمەتە تاوانكارییانەی روبەڕوی كراونەتەوە. بەبێ ئەوەی ئاماژە بە تۆمەتەكان بدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×