سەرۆكایەتییەكانی عێراق: روداوەكانی ئەم دواییە سەقامگیری وڵات دەخەنە بەر مەترسی راستەقینە
  2021-05-27       459       

سەرۆکایەتییەکانی عێراق لەبارەی روداو پێشهاتەکانی ئەم دواییەی وڵات کۆبونەوەو دەڵێن: بەردەوامی گرژییە ئەمنییەکان و دەستدرێژیکردنە سەر دەسەڵاتی دەوڵەت، پێشلکارییەکی مەترسیدارە بۆ سەر دەسەڵات و شکۆی دەوڵەت و ھەروەک سەقامگیری وڵات دەخاتە بەر مەترسی راستەقینە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆشکی بەغدا بە ئامادەبونی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆبونەوەیەک بەڕێوەچو سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی وڵات و دەرئەنجامەکانی.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، بەشداربوان جەختیانکردەوە روداوەکانی ئەم دواییەی وڵات پێویستی بە یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکانە بەئاڕاستەی ھێنانەدی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی شکۆ و سەروەری دەوڵەت.

ئامادەبوانی کۆبونەوەکە جەختیشانکردەوە بەردەوامی گرژییە ئەمنییەکان و دەستدرێژیکردنە سەر دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی مافەکانی بۆ دەستگرتن بەسەر بڕیاری ئەمنی و سەربازی پێشلکارییەکی مەترسیدارە بۆ سەر دەسەڵات و شکۆی دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی هاوڵاتیان، ھەروەک سەقامگیری وڵات دەخاتە بەر مەترسی راستەقینە.

بەشداربوانی كۆبونەوەكە بە پێویستیان زانی ھێز و لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستی جددیان ھەبێت بۆ رێگرتن لەو جۆرە روداوانە و پشتیوانی دەوڵەت بکەن بۆ رێکخستنەوەی چەک تەنھا لە دەست دەوڵەت و یەکخستنی تواناکان و دور خستنەوەی فیتنە و بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و دانبەخۆداگرتن.

بەشداربوانی کۆبونەوەكە دوپاتیانکردەوە لەسەر پێویستی رێزگرتن لەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگاوە دەردەچن، ھەروەھا رێزگرتن لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەبارەی دۆسییە یاساییەکان و رێگرینەکردن لە بڕیارەکانی دادگا لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستور.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا بەشداربوان تەئکیدیانکردەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتو گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەیە، بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە مانگی ئۆکتۆبەری داهاتو ئەرکێکی دەستوری و نیشتمانییەو پاشگەزبونەوەی تێدا نییە.

بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركرا.

دەستگیركردنی ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی كاردانەوەی بەشێك لە هێزە شیعییەكانی لێكەوتەوەو ژمارەیەك لە چەكدارانی حەشدی شەعبی لە بەغدا شەوی رابردو چونە سەر ناوچەی سەوز.

هەر شەوی رابردو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەبارەی دۆخەكەوە لەگەڵ بەشێك لە سەركردە شیعەكان كۆبۆتەوەو دوابەدوای ئەوە چەكدارو لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەوز كشانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی میدیاكانی نزیك لە حەشدی شەعبی بانگەشەی ئەوەیان كرد كە فەرماندەكەی حەشدی شەعبی ئازادكراوە.

بەڵام هەر شەوی رابردو، مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، لیژنەیەكی هاوبەشی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ فەرماندەكەی حەشدو ئەو كەسەش لای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەهێڵرێتەوە تا كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەكان.

كازمی ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو دیاردەو نمایشە چەكدارییانەی كە لەلایەن هەندێك گروپی چەكدارییەوە ئەنجامدراون و پێشێلی مەترسیداری دەستوری عێراق و یاسا بەركارەكانن و فەرمانكردوە لێكۆڵینەوەی دەستبەجێ لەبارەی ئەو جوڵانەوە بكرێت.

دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستگیركردنی ئەو فەرماندەیە، ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنییەوە، وتبوی، دەستگیركردنی قاسم موسڵیح بە تۆمەتی كوشتنی چالاكوانانە.

بەڵام دواتر ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری دو سەرچاوەی ئەمنییەوە رایگەیاندبو، قاسم موسڵیح لە بەغدا بە تۆمەتی تێوەگلانی لە چەند هێرشێك لەوانەش هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، دەستگیركراوە كە ئەو بنكەیە هێزەكانی ئەمریكاو چەند هێزێكی دیكەی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت.


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×