ئەنجومەنی ئاسایش ماوەی كاركردنی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لەعێراق درێژدەكاتەوە
  2021-05-27       188       

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەكۆبونەوەی خۆیدا بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی كاركردنی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق بۆ ماوەی یەك ساڵی دیكەو جەختیش لەسەر ئامادەكردنی تیمێكی باشترو كاریگەرتری نەتەوە یەكگرتوەكان لەعێراق دەكاتەوە بەمەبەستی چاودێریكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمیش دەكات رێككەوتنی بودجە پەسەندبكەن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەكۆی دەنگ، بڕیاری 2576ی ساڵی 2021یان پەسەندكرد كە بەپێی بڕیارەكە كاركردنی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ هاوكاریكردنی عێراق ناسراو بۆ یونامی تاوەكو 27ی ئایاری ساڵی 2022 درێژكراوەتەوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بڕیارەكەیدا جەختی لەسەر ئامادەكردنی تیمێكی باشترو كاریگەرتری نەتەوە یەكگرتوەكان لەعێراق كردۆتەوە بەمەبەستی چاودێریكردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن بەجۆرێک رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت و زانیارییش بداتە سکرتێری گشتی لەبارەی هەڵبژاردنەکە.

هەروەها لە بڕیارەكەیدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لە داوای لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و یونامیش كردوە کە هانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن بۆئەوەی رێککەوتنی بودجەی ساڵی 2021 بەتەواوی جێبەجێ بکەن و دانوستاندنیش بکەن بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر پرسە گرنگەکانی دیکە.







زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×